گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەبدولمەهدی: پاراستنی کەرکوک لەئەستوی حکومەتی فیدراڵدایە

2019.02.17 - 13:21
عەبدولمەهدی: پاراستنی کەرکوک لەئەستوی حکومەتی فیدراڵدایە

ناس کورد-

 

پەرلەمانی کوردستان لە 24 /4/ 2013 لە دانیشتنێکیدا بە کۆی دەنگ ناوی"ناوچە کێشە لەسەرەکان"ی کە لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق هاتووە، گوڕی بۆ دەستەواژەی "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم" کە کەرکوک و خانەقین و مەندەلی و جەلەولا و شنگال و مەخمور و شێخان و حەمدانییە و تلکێف و دوزخورماتوو دەگرێتەوە.

دەبوو بەپێی ماددەی 140ی دەستووری عێراق لە کۆتایی 2007 ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرایە، بەڵام تائێستا تورکمانء عەرەبەکانء وڵاتانی ناوچەکە دژی وەستاونەتەوە.

هەندێک لە شارەزایان دەڵین دەبێت کورد زیاتر رێککەوتنء هاوپەیمانی لەگەڵ سوننەکاندا بکات، نەک شیعە، چونکە سنووری جوگرافی کوردستان بە تایبەتی بەشی هەرەزۆری ناوچە کێشە لەسەرەکان لەگەڵ پێکهاتەی سوننەدایە، هەروەها کورد و سوننە لەم کاتەدا هەردووکیان پرشوبڵاون و پێویستیان بە هاوکاریکردنی یەکترە، لەسەر ئاستی ئیقلیمیش داواکارییەکانی کورد تەنها داواکاری نەتەوەیی و ئیتنیکی و ناوچەگەری نەبن، بەڵکو لە قاڵبی جوداخوازء دژە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند دەربچێت.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوا لێدوانیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە بەم نزیکانە هێزەکانی پێشمەرگە جارێکی تر دەگەڕینەوە کەرکوک. بۆ تورکمان و عەرەبەکانی شارەکەیشی دووپات کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی کەرکوک لە ئەستۆی هێزەکانی سەر بە ناوەنددایە.

لەلای خۆیشیەوە وەستا رەسوڵ فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە باشووری کەرکوک ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە تائێستا حکومەتی عێراق داوای لێ نەکردوون پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناو کەرکوک، بەڵام وتی: "هەموو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزە عیراقییەکان ئاسایشی کەرکوک بپارێزین و رووبەڕووی گرووپە توندڕەوەکان  ببینەوە".

دوای 14 ساڵ لە دەسەڵاتی ئیداریء سیاسیء سەربازی لەو ناوچانە، هێزەکانی پێشمەرگە لە 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە ژێر فشاری هێزە سەربازییەکانی عێراقء حەشدی شەعبی لە کەرکوکء ناوچە کێشە لەسەرەکان کشانەوە بەهۆی ئەنجامەکانی ریفراندومەکەی ئەیلولی 2017وە.