گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

بۆچی لەئێستادا عێراق ناتوانێت دۆسیەی نەوتی هەرێم کۆنتڕۆڵ بکات؟

2022.05.20 - 15:26
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچی لەئێستادا عێراق ناتوانێت دۆسیەی نەوتی هەرێم کۆنتڕۆڵ بکات؟

ناس کورد-

لە نوسینێکدا ڕێبوار محەمد ئەمین، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لەگرێبەستی نەوت وگاز باس لە شکستهێنانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەکۆنترۆڵ کردنەوەی دۆسێی  نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئێستا هەلومەرجەکە بۆ بەغدا لەبارنییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو پسپۆڕە دەڵێت، " چونکە عێراق ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێکە و گوشاری ئەمریکا و ئەوروپایان لەسەرە بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت، بەڵام ئۆپێک چوەتە بەرەی ڕووسی ـ چینییەوە و دژی داواکەی ئەمریکا وەستاونەتەوە، هەربۆیە بەغدا ناتوانێت لەم کاتەدا کێشە بۆهەناردەی زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم دروست بکات و ئەوەندەی تر بازاڕی نەوتی جیهانی تێک بدات و نرخی نەوت بەرزکاتەوە." 



دەقی نوسینەکە: 

 

هۆکارەکانی پشت شکستەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەکۆنترۆڵ کردنەوەی دۆسێی  نەوتی هەرێمی کوردستان

 

وەزارەتی نەوتی عێراق لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ڕێکەوتی ١٥/٢/٢٠٢٢ بۆهەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت وگازی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنەوەی دۆسێی نەوتی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق چەندهەنگاوێکی ناوەو بەردەوامە و لەهەموو هەنگاوەکانیش شکستی خواردوە کەبەم شێوەیە :

یەکەم ـ لە ٧/٣/٢٠٢٢ نوسراوێکی دەکات بۆهەرێم وداوای خۆئامادەکردن دەکات بۆ ڕادەستکردنەوەی دۆسێی نەوت.

دووەم :لە ٢٤/٣/٢٠٢٢ لەبڕیارێکدا بەنوسراو داوالەهەرێم دەکات لەماوەی پانزە ڕۆژدا هەموو گرێبەستەکان ڕادەستی بەغداد بکات و لەماوەی زیاترلەمانگێک ئامادەبن بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەک بۆبەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم وچەند بڕیارێکی تر  بەڵام لەم دووهەنگاوەی شکستی خوارد.

سێیەم : ئێستا کۆمپانیایەکی بیانی بەکرێ گرتوە کەڕاوێژکاری بۆبکات و داوا لەکۆمپانیا بیانیەکان دەکات کەگرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی نەوتی عێراق كۆمپانیایەكی بواری پارێزەرایەتی نێودەوڵەتی داناوە بەناوی كۆمپانیای (كلیری جوتلیب ستین ئەند هاملتون) بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی بواری نەوت‌و غاز كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمە بۆ ئەوەیە كۆمپانیاكان كارەكانیان بەجۆرێك رێكبخەنەوە كە لەگەڵ یاسای كارپێكراوی عێراقدا گونجاو بێت. 

رۆیتەرز كە دەڵی خۆی نوسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بینیوە، باس لەوە دەكات لە نوسراوەكەدا هاتووە" جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی هەیە لە گرێبەستی كۆمپانیاكاندا".

ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بەوەكردووە" كۆمپانیاكانی تریش نوسراوەكەی وەزیری نەوتیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەدەست گەیشتووە". 

مەسرور بارزانی كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بڕیاری دادگای دادگای فیدراڵی بۆ رادەستكردنی نەوت‌و غاز رەت دەكاتەوە. 

لەدوای هەڕەشەكەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، ئەمە یەكەم نوسراوە كە وەزارەتی نەوت ئاڕاستەی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی دەكات، راوێژكارێكی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق كە بەمەرجی ئەوە قسەی بۆ (رۆیتەرز) كردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتویەتی: لیژنەی هاوبەشی حكومەت كە نوێنەرانی وەزارەتی نەوت (لەناویان دا وەزیری نەوت‌و كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق)‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لەخۆدەگرێت، پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم دا دەكەن‌و ئامانج لەمەش ئەوەیە ئیمزاكردنی كۆتایی گرێبەست لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بێت نەك حكومەتی هەرێم. 

رۆیتەرز پەیوەندی بە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتەوە كردووە لە هەرێمی كوردستان لەوانە (گەنەڵ ئینێرژی)‌و (شیفرۆن)‌و (گلف كیستۆن) هەروەها پەیوەندی بە كۆمپانیای بواری پارێزەرایەتی (كلیری جوتلیب)ەوە كردووە، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون قسە لەبارەی ئەم بابەتەوە بكەن، هەروەك وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیای (DNO)ی بواری نەوت‌و غازیش ئامادەنەبوون قسە بكەن. 

بەڵام بەرپرسێك لە لە وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، وەزارەت هێشتا هیچ وەڵامێكی لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە پێنەگەیشتوەتەوە‌و ئەگەر وەڵام نەدەنەوە رێوشوێنی یاسایی زیاتر دەگیرێتەبەر، بەبێ ئەوەی باسی وردەكاری رێوشوێنە یاساییەكانی تر بكات. 

نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ ناكەن. 

کەواتە تا ئێستا لەهەنگاوی سێ یەمیش وەزارەتی نەوتی عێراقی شکستی هێناوە و کۆمپانیا بیانیەکان ئامادەنین بەبێ هەرێم بڕۆنە ناودانووستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق.

داگای فیدراڵی بەپێی مادەی ٩٣ ئەرکی شیکردنەوەی مادە دەستوریەکانی هەیە بەشێویەکی دادپەروەرانەو بەپێی ناوەڕۆکی مادەکانی دەستورمافی ئەوەی نی یە لایەنگیری بکات بۆ هیچ لایەک.

لەخوارەوە شیکاریەک بۆ ناوەڕۆکی ئەو مادانە دەکەین کە دادگاکە پشتی پێ بەستوە بۆ بەتاڵ کردنەوەی یاسای نەوت وگازی هەرێمی کوردستانی ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ و هۆکاری شکستەکان دەخەینە ڕوو کەبەم شێوەیە:

لەڕوانگەی یاسای ودەستوری یەوە:

یەکەم ـ مادەی ١١٠  مەبەستی لەناوهێنانی ئەم مادە بۆئەوەیە بڵێت بازرگانی دەرەکی دەسەڵاتی ڕەهای ناوەندە و بۆهەرێم نی یە بازرگانی بە نەوتەوە بکات .

بەڵام ئەم مادە بەسەرنەوت دا جێ بەجێ نابێت چونکە  دۆسێی نەوت لەهەموو سامانەکانی تر جیاکراوەتەوەو مادەی تایبەتی بۆ دانراوە ئەگەر مادەی ١١١و١١٢ ی دەستور نەبوایە ئەوا دادگاکە ڕاستی دەکرد بەڵام بەبوونی ئەم دوومادە  بابەتەکە دەگۆڕێت چونکە قاعدەیەکی قانونی هەیە دەڵێت ( الخاص يقد العام ) واتە کاتێک بابەتێک لەگشتی جیادەکرێتەوەو تایبەت دەکرێت ئەوکاتە تایبەتەکە دەکەوێتە پێش گشتی یەکەوە و تایبەتەکە جێ بەجێ دەبێت کەواتە مادەی ١١٠ دەبێتەگشتی و بەسەر نەوت دا جێ بەجێ نابێت. دادگاکە بەمەبەست ئەم مادەی هێناوە.

دووەم ـ  مادەی ١١١ی دەستور  

ناوەڕۆکی ئەم مادە دەڵێت نەوت وگاز موڵکی هەموو گەلانی عێراقە لە هەرێمەکان وپارێزگاکانی نەبەستراوە بەهەرێم.

ئەم مادە چەند بۆ ناوەند ڕاستە  خۆی بەخاوەنی نەوت بزانێت هێندەش بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستە چونکە ناوەڕۆکی مادەکە هیچ لایەکی نەسەپاندوە بەسەرلاکەی تردا.  

دادگا ناتوانێت ئەم ماددە دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت.

سێ یەم ـ  مادەی ١١٢ 

ناوەڕۆکی ئەم مادە  لەبڕگەی یەکەم دا دەڵێت  حکومەتی ناوەندی لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگاکان  نەوت وگاز بەڕێوەببەن وە پێویستە بە دەرچواندنی یاسای نەوت وگازی فیدراڵی ئەم بەڕێوەبردنە بەڕێوەببەن،وەهەروەها دابەشکردنی داهاتی نەوت بەشێوەی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەیاسا ،دەبوایە حکومەت وپەرلەمانی عێراق یاسای داهاتە نەوتی یەکانیان دەربچواندایە ئەمەشیان نەکرد.

هەرلەم بڕگەدا دەڵێت ئەوناوچانەی بەدەستی ڕژێمی پێشوو کاولکراون دەبێت بەبڕێکی دیاری کراو و بۆماوەیەکی دیاری کراو بودجەیەک دابین بکرێت کە ئەمە هەرێم بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی دەگرێتەوە چونکە ئەنفال و کیمیاباران لەم ناوچە زیاتر کرا ئەمەش نەکرا.

بڕگەی دووەم مادەی ١١٢ دەڵێت ناوەندو هەرێم پێکەوە پرۆسەی وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن لەبواری نەوت ئەمەش نەکراوە.

چوارەم ـ مادەی ١١٥

ناوەڕۆکی ئەم مادە دەڵێت لەکاتی دروست بوونی کێشە لەنێوان هەرێمەکان و ناوەند  یاسای هەرێمەکان جێ بەجێ دەکرێت نەک ناوەند بەمەرجێک لەدەسەڵاتەکانی مادەی ١١٠ نەبێت.

نەوت وگاز لەچوارچێوەی مادەی ١١٠ نی یەو وە ناوەندیش یاسای نەوت و گازی نوێی نی یە و سەرپێچی دەستوری کردوەو کار بە یاسای سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق ( بەعس  ) دەکات کەپێچەوانەی دەستورە. بەڵام هەرێم یاسای نەوت و گازی خۆی هەیە.

پێنجەم ـ مادەی ١٢١

لەبڕگەی یەکەمی ئەم مادەدا هاتوە کە هەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری یان هەیەو هەرێم بەپشت بەستن بەم مادە یاسای نەوت وگازی هەرێمی کوردستانی دەرکردوه مافی خۆیەتی نەوت وگاز بەرهەم بهێنێت.

شەشەم ـ مادەی ١٣٠

دادگا پشتی بەم ماددە بەستوە کەدەڵێت ئەو یاسایانەی پێش ڕووخانی بەعس بەرکاربوون ودوای ڕووخانیش بەرکارن دەستورین بەڵام دەستور لێرەدا پەرلەمان و حکومەتی عێراقی پابەندو ناچار کردوە بەپێی مادەی ١١٢بڕگەی یەکەم یاسای نەوت و گازی فیدراڵی  دەربکات بەڵام حکومەت و پەرلەمانی عێراق یاسای نەوت وگازی فیدراڵیان دەرنەکردوەو کار بەیاساکەی بەعس دەکەن و دادگاش چاوی لێ پۆشیوەو پشتیوانیان دەکات و لەدژی هەرێمی بەئاشکرا بەکاری دەهێنێت.

ئایا هەرێم کوردستان لەخۆیەوە یاسای نەوت وگازی دەرکردو نەوتی بەرهەم هێنا یان لەپەرچەکردارو ناچاری بوو؟

هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەسەندکردنی دەستورەکە کەوتە هەوڵی دەرچواندنی یاسای نەوت وگازی فیدراڵی و چەندین پرۆژە یاسا نوسران بەڵام ناوەند بەوپرۆژە یاسا ڕازیبوون کە کوردی وەک هاوبەشی ڕاستەقینە نەدەناسی و پێچەوانەی دەستور بوو کورد وەک ڕاوێژکارو هاوکار هاتبوو لە پرۆژە یاساکە نەک وەک هاوبەشی ڕاستەقینە ،هەربۆیە کورد دوای هەوڵێکی زۆر لەجێبەجێکردنی مادەکانی دەستور بەگشتی و نەوت وغاز بەتایبەتی نەگەشتە ئەنجام و نائومێد بوو لەبەغداد و بەمافی خۆی زانی کە مافە دەستوریەکەی خۆی پیادە بکات و یاسای نەوت وگاز هەرێمی کوردستان ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ دەربکات.

پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەوەیە ،ئایا کۆمپانیا بیانیەکان ئەوەندە نەشارەزاو بێ ئاگابن لەدەستورو یاساکانی عێراق وهەرێم و دێن و سەرمایەی زەبەلاحی خۆیان دەخەنە مەترسی یەوە ؟

بێگومان ئەو کۆمپانیا نەوتی یانە خاوەنی ئەزموونی گەورەو ڕاوێژکاری بەهێزن و دوای وردبینی ورد هاتوون و لەهەرێم گرێبەستیان ئەنجام داوە و من لێرەدا تەنها دوو کۆتووبەندی بەهێزی کۆمپانیا بیانیەکان شیدەکەمەوە کە لە گرێبەستەکان جێگریان کردووە کەئەمانەن:

١- مەرجی جێگیری یاسایی واتە ئەومەرجەیان داناوە لەهەر گۆڕانکاری یەکی یاسای ودەستوری نابێت هەموواری گرێبەستەکان بکرێت.ئەمەش ڕێگرە لە لەهەنگاوەکانی بەغداد.

٢- لەکاتی دروست بوونی هەرکێشەیەک دەبێت لەدادگای ناوبژیونی دەرەکی چارەسەری کێشەکە  بکەن و بە یاسای ناوخۆی کێشەکە چارەسەر نەکرێت ئەمەش ڕێگری یەکی ترە.

باردۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی :

ئێستا هەلومەرجەکە بۆ بەغداد لەبارنی یە چونکە عێراق ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێکە و گوشاری ئەمریکاو ئەوروپایان لەسەرە بۆ زیاد کردنی هەناردەی نەوت بەڵام ئۆپێک چوەتە بەرەی ڕووسی ـ چینی یەوە دژی داواکەی ئەمریکا وەستاونەتەوە  هەربۆیە بەغداد ناتوانێت لەم کاتەداکێشە بۆهەناردەی زیاتر لەشەش سەد هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم دروست بکات و ئەوەندەی تر بازاڕی نەوتی جیهانی تێک بدات و نرخی نەوت بەرزکاتەوە.

 لەئێستا دا نرخی سوتمەنی لەهەندێ ولایەتی ئەمریکا گەشتۆتە نۆ دۆلار بۆ گاڵۆنێک بانزین ئەمە هێڵی سوری دووقات تێپەڕاندوە چونکەنابێت  گاڵۆنێک بانزین لەچوار دۆلار تێپەڕێت وهەڵاوسان دروست دەبێت .

ئەنجام 

پێویستە حکومەت و پەرلەمانی عێراقی ناچار بکرێن بەجێ بەجێکردنی دەستور بەگشتی و نەوت وگاز بەتایبەتی بۆئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەنە چارەسەری کۆتایی بەپێچەوانەوە بەبێ جێبەجێکردنی دەستور دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق هەربڕیار دەربکات و ئەم بڕیاری شکست خواردوو بداتە دەست بڕیارێکی تروو کێشەکەش بەردەوام دەبێت بەبێ چارەسەر.

مافناس ـ ڕێبوار محمد محمد ئەمین  

ماستەر لەگرێبەستی نەوت وگاز.

١٩/٥/٢٠٢٢