ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هاری و زیادبوونی تووشبووەکانی دەدات و داوا لە پارێزگارەکان دەکات هەڵمەتی قڕکردنی سەگ ئەنجام بدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نوسراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە ئاڕاستەی پارێزگاکانی کردووە (پێنجشەممە 19-5-2022) هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هاری دەدات و دەڵێت، "هاری کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لەڕێگەی گازگرتنی سەگەوە توشی مرۆڤ دەبێت و لە ئەگەری نەگرتنەبەری ڕێکاری پێویست و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی گازیان لێگیراوە ئەگەری هەیە ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکە بگاتە 100%."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەهۆی زیادبوونی سەگ لەسەر شەقامەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان حاڵەتەکانی گازگرتن زیادیان کردووە کە ئەوەش جێگەی نیگەرانی و مەترسییە."
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەشڵێت، " بۆ سنورداركردن و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە و لەپێناو سەلامەتی هاووڵاتیان، پێویستە هەڵمەتی قڕكردنی سەگە بەرەڵاکان ئەنجام بدرێت، ئەوەش لە ئەستۆی پارێزگاكاندایە بە پشت بەستن بە یاسای ژمارە (32)ی ساڵی 2013 / مادەی / 29ی تایبەت بە تەندروستیی ئاژەڵان."