گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کوێرکردنى مانگە دەستکردەکان’’

ڕوسیا چەکێکى ’’لەیزەرى بەهێز’’ لەئۆکرانیا تاقیدەکاتەوە

2022.05.18 - 22:40
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوسیا چەکێکى ’’لەیزەرى بەهێز’’ لەئۆکرانیا تاقیدەکاتەوە

ناس کورد-

ڕوسیا نەوەیەکی نوێی چەکی لەیزەری بەهێز لە ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت کە بۆ سووتاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنرێت، هەروەها بەشێک لە چەکە "نهێنییەکان"ی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕۆیشتنی چەکی ڕۆژئاوایی بۆ دراوسێکەی بڵاودەکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ساڵی ٢٠١٨دا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا پەردەی لەسەر کۆمەڵێک چەکی نوێی لادا، لەوانە مووشەکی بالیستیکی کیشوەربڕ و چەکێکی نوێی لەیزەرى.

 

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، زانیارییەکی کەم لەبارەی وردەکارییەکانی ئەو چەکە نوێیە لەیزەرەوە هەیە. بەڵام پوتین باسی لە چەکێک کرد بەناوی پێرێسڤێت، کە ناوی راهیبێکى جەنگاوەری سەدەی ناوەڕاستی ئۆرتۆدۆکس بوو بەناوی ئەلێکساندەر پێرێسڤێت کە لە شەڕدا گیانى لەدەستدا.

 

یوری بۆریسۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیران و بەرپرسی گەشەپێدانی سەربازی لە میانی کۆنفرانسێکدا لە مۆسکۆ رایگەیاند، پێرێسڤێت لە ئێستاوە بە قەبارەیەکی بەرفراوان جێگیر دەکرێت و توانای "کوێر"کردنی مانگە دەستکردەکانی هەیە تا ١٥٠٠ کیلۆمەتر لە سەرووی زەویەوە.

 

بەڵام بۆریسۆڤ وتی لە ئێستاوە سیستەمی ڕووسی بەهێزتر لە پێرێسڤێت هەیە کە دەتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بسوتێنێت.

 

بۆریسۆڤ ئاماژەی بە تاقیکردنەوەیەک کرد، کە ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدرا، تیایدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەدورى ٥ کیلۆمەتر لە ماوەی پێنج چرکەدا سووتاوە.

 

ئەو بەرپرسە سەربازییە لە لێدوانەکانیدا بۆ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕووسیا، دەڵێت، "نەوەی نوێی چەکی لەیزەر دەبێتە هۆی لەناوچوونی فیزیکی ئامانجەکە و سوتاندنى".

 

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ئەم جۆرە چەکانە لە ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن، بۆریسۆڤ وتی "بەڵێ. نموونەی سەرەتایی لەوێ بەکاردەهێنرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم چەکە ناوی "زادێرا"ە.

 

تا ئێستا هیچ شتێک لەبارەی زادێرا بە ئاشکرا نازانرێت، بەڵام میدیاکانی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بڵاویانکردەوە کە کۆمپانیای ئەتۆمی ڕووسی ڕۆزاتۆم یارمەتی پەرەپێدانی داوە.

 

ئەمەریکا ڕەتی کردووەتەوە کە هێزەکانی خۆی، یان لە ناتۆوە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات، بەڵام واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی بە ملیارەها دۆلار چەکی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکى قورس، مووشەکی دژە فڕۆکەی ستینگەر و مووشەکی دژە تانکی جاڤلینیان بۆ کیێڤ دابین کردووە .

 

بۆریسۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە نەوەی نوێی چەکی لەیزەر کە مەودای کارۆموگناتیسی فراوان بێت لە کۆتاییدا جێگەی چەکی ئاسایی دەگرێتەوە.

 

تێبینییەکانی بۆریسۆڤ، ئەگەر ورد بن، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕووسیا بە چەکی لەیزەر پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، پرسێک کە لەلایەن زلهێزەکانی دیکەی ئەتۆمی وەک ئەمریکا و چینەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت.

 

بەکارهێنانی لەیزەر بۆ کوێرکردنی مانگە دەستکردەکان - یان تەنانەت سووتاندنیان - ساڵانێک لەمەوبەر لە کایەی زانست لە خەیاڵەوە نزیکتر بوو، بەڵام زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و چین و روسیا ساڵانێکە کار لەسەر ئامادەکردنی جۆرە جیاوازەکانی ئەم چەکانە دەکەن، بە گوێرەی "رۆیتەرز".