ناس کورد-
له وهڵامى پرسیاری پەرلەمانتارێکدا لهبارهى هۆكارى خاو دابهشكردنى مووچه، وەزیری دارایی به نووسراوى فهرمى دهڵێت، "بههۆى نهناردنى 200 ملیارهكهى بهغدا لهكاتى خۆیدا ناتوانین مووچه لهكاتى خۆیدا دابهش بكهین."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (سێشەممە 17-5-2022) ڕایگەیاند، "بە نوسراوی فەرمی لە (٢٣ی ١ی ٢٠٢٢)، داوای ڕوونکردنەوەو زانیارییمان کرد لە هۆکاری دواکەوتنی مووچە و خاو دابەشکردنی، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری لە (١٨ی ٤ی ٢٠٢٢)، وەڵامی داوینەتەوە و لە وەڵامەکەیدا هۆکاری خاو دابەشکردنی مووچەی لە مانگەکانی ڕابردوو بۆ نەناردنی (٢٠٠ ملیار دینار)ەکەی بەغدا گەڕاندووەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ڕاستیدا ئەم وەڵامە بۆ ئێمە بڕواپێهێنەر نیە و خۆلادانە لە وەڵامی ڕاستەقینە و دەستخستنەسەر برینەکان، بەتایبەت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کە پێویستە ئاگاداری هەموو شتێک بێت و بەڕوونی هۆکارەکانی خاو دابەشکردن و دواکەوتنی مووچە و کێشە داراییەکان بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم ڕوونبکاتەوە، هەروەها بە هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بڵێت هۆکار چییە کە ئەو گرفتەی لەو شارانە هەیە لە هەولێرو دهۆک نیە؟."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەوە لەکاتێکدایە داهاتی ئێستەی هەرێمی کوردستان تەنانەت بە زانیارییەکانی بەرپرسانی حکومەت و دەسەڵات خۆشیانەوە بەبێ (٢٠٠ملیار دینارە)ەکەی بەغداشەوە زیاترە لە پێویستی بۆ مووچە و بەگەڕخستنی وەزارەتەکان و خزمەتگوزاریی، بەڵام حکومەت مووچە لەکاتی خۆی دابەش ناکات و لە سلێمانیش کێشەی دواکەوتنی مووچە زیاترە، چ جای خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیاکانی دەرمان و پاککردنەوە و وەستانی پڕۆژەکان کە دۆخێکی سەختیان بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە."
دەشڵێت، "بەرپرسیارێتی وەزیری داراییە زانیاریی و ڕاستییەکان وەک خۆی بۆ هاووڵاتیان ڕوونبکاتەوە و بە پێی یاسا وردەکاری داهات و خەرجیی حکومەت بۆ ئێمە و خەڵک ئاشکرا بکات، چونکە پارە و داهات موڵکی خەڵکی کوردستانە نەوەک حزبەکانی دەسەڵات."