گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەگەڵ خەڵک و دژی دەسەڵات

وریا غەفوری، یاریزانە کوردەکەی ئێران.. ئەو کاپتنەی کە لەوانەی تر ناچێت!

2022.05.16 - 17:59
App store icon Play store icon Play store icon
وریا غەفوری، یاریزانە کوردەکەی ئێران.. ئەو کاپتنەی کە لەوانەی تر ناچێت!

ناس کورد-

وریا غەفوری، تاکە یاریزانی کوردی ناو هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران و کاپتنی یانەی بەناوبانگی "ئیستیقلال" بەو ڕستەیەی کە وتی، "کاتێک باس دێتە سەر کێشەی هاوڵاتیانی وڵاتم، ناتوانم لەبارەى بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بێدەنگ بم و چیتر وەرزش کاری لەپێشینەم نییە"، جارێکی تر بوویەوە بە پاڵەوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وریا لە بەردەم مایکی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا و سەرباری ئەوەی تیپەکەی بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر براوە بوو لە بەرامبەر یانەی فولادی ئەهواز لە پاڵەوانێتی یانەکانی ئێران، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینی و چاوەڕوانییەکانەوە، باسی بابەتی کۆمەڵایەتی و ئابوریی ئێستای ئێرانی کرد.

 

ئەو وتی، "نازانم بەڕاستی بەرپرسان شەرمەزار نابن کاتێک ئەم دۆخ و گوزەرانە دەبینن؟!"

 

وریا غەفوری لەبارەى گوزەران و بژێوی خەڵکی ئێران بە تایبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا کە گرانییەکی زۆر ڕووی لەو وڵاتە کردووە و خۆپیشاندان لە چەندین شار بەردەوامە وتی، "هیوادارم خەڵکی ئێران بە خۆشگوزەرانییەوە بژین."

 

قسەکانی کاپتنی یانەی ئیستیقلال لەو شەوەی کە تیپەکەی دوای نۆ ساڵ گەیشتە پاڵەوانێتی خولی نایابی تۆپی پێی ئێران کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد، زۆرێک لە هەوادارانی وریا بە "چیڤارا" ناویان برد.

 

یاریزانێک کە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئێران نەکرا
وریا غەفوری 34 ساڵە خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵی 2007 لە یانەی پاسی هەمەدان دەستی بە یاریکردن کردووە، پاشان چووەتە یانەکانی تەبرێز، نەوتی تاران، سپاهانی ئەسفەهان و دواتریش ئیستیقلال.

 

وریا نزیکەى 30 یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد، بەڵام پێش مۆندیالی ساڵی 2018 و بە شێوەیەک کە جێگەی سەرسوڕمانی چاودێران بوو، لەلایەن کارلوس کی روشی ڕاهێنەری ئەو کاتەی هەڵبژاردەی ئێران لە هەڵبژاردەکە دورخرایەوە.

 

بەڵام دوای مۆندیال، کارلوس کی روش جارێکی تر وریای بانگهێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردەوە و چەند یارییەکی بە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد.

 

تاوەکو پێش مۆندیالی ساڵی 2018ی ڕوسیا، چەندین هەواڵ و دەنگۆ بڵاوبوونەوە کە بەرپرسانی باڵای ئێران بە هۆکاری شوێنی لەدایکبوون و مەزهەبی کە سونەیە خۆشیان لە وریا نایەت، بەڵام دواتر بەهۆی کاردانەوە زۆرە کۆمەڵایەتییەکانی، پەراوێزخستنی وریا ڕەهەندێکی تری وەرگرت.

 

وریا غەفوری لە ساڵی 2018دا و لە کاردانەوەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی کچانی "اسوه حسنه" لە زاهیدان و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک خوێندکار، لە سۆشیال میدیا نوسی، "شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتدارانی وڵات کە ئەو منداڵانە بەهۆی نەبوونی کەرەستەی سەرەتایی وەک غاز، لە پۆلەکانیاندا سوتان."

 

چەند مانگێک دواتر کاتێک تەلەفزیۆنی "کیش" فلمێکی جاکیشانی بەبێ سانسۆر پەخشکرد، ڕۆشنبیری ئەو وڵاتە بەڕێوەبەرانی تەلەفزیۆنەکەی سزا دا، وریا غەفوریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسی، "ئایا ئەو کەسانەی کە بەرپرسی مردنی 10 خوێندکار و گڕگرتنی قوتابخانەکە بوون سزا دران؟"

جگە لەوانەش، کاتێک محەمەد جەواد زەریفی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیبووی "ئێمە شانازی دەکەین کە لەپێناو فەڵەستین و لوبنان لەژێر فشارداین"، وریا کە یەکێکە لە کەسانی بەناوبانگ لە ئێران لە کاردانەوەی زەریفدا نوسی، "ئەوانەی کە لە پێناو خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین، یەمەن و لوبنان لەژێر فشاردان، تۆ نیت، بەڵکو خەڵکی ئێرانە."

 

هەروەها کاتێک فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە ئاسمانی ئێران بە موشەکی سوپای پاسداران و بە هەڵە تێکشکا، وریا غەفوری سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کرد و وەزارەتی ڕۆشنبیری بە "درۆزن" ناوبرد و داوای کرد بەرپرسیاران سزا بدرێت."