ناس کورد-
ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا دەستیکردووە بە گواستنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە سوریاوە بۆ ئۆکرانیا بۆ پشتیوانیکردنى شەڕی دۆنباس.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەهەزاران کەس لەو هێزانە لەئێستادا گواستراونەتەوە ئۆکرانیا، کە لە ساڵی 2015ەوە لە سوریا بوون دواى ئەوەى کە ڤلادیمێر پوتین فەرمانی بە چەکدارەکانی کرد پشتیوانی لە رژێمی بەشار ئەسەد بکەن.
رۆژنامەی مۆسكۆ تایمز بڵاویكردەوە، ئەم هێزانە لە سێ فڕۆكەخانەی ئۆكرانیا جێگیركراون پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ هێڵی پێشەوە بۆ زیادكردنی بوونی روسیا و لەو ناوچەیە لەکاتێکدا شەڕ و پێكدادان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە چڕتر دەبێتەوە.
مۆسکۆ دەڵێت، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ زیاتر لە ٦٣ هەزار سەربازی ڕووسی ڕەوانەی سووریا کراون، بەڵام دیار نییە لە ئێستادا چەند ئەفسەری ئەو وڵاتە هەیە. بە گوێرەی هەواڵگری رۆژئاوا، هێزەکانی رووسیا لە بەرخۆدانی هێزەکانی ئۆکرانیا کە رووبەڕووی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت" بوونەتەوە بێهیوا بوون و وایکرد کرملین پلانەکانی خۆی لە گرتنی کیێڤەوە بگۆڕێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆنباس.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنکە ئاسمانییە جێهێڵراوەکانی ڕووسیا لە سووریا ڕادەستی "سوپای پاسداران" و گرووپی "حزبوڵا" دەکرێت.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا زنجیرەیەک هێرشی دژە هێرشی لە خارکیڤ دەستپێکردووە بۆ پاڵنانی هێزەکانی ڕووسیا بەرەو باکوور، فینلاندیش نیازی خۆی بۆ داواکردنی ئەندامێتی لە ناتۆ راگەیاندووە.
رووسیا رایگەیاند، هەنگاوی فینلاند بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، ئەوروپا کەمتر سەقامگیر دەکات، مۆسکۆ ناچار دەبێت "هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە" بنێت. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ئەو داوایەی هێلسنکی "گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی"ە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
وەزارەتەکە دەڵێت "ڕووسیا ناچار دەبێت هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە بنێت، جا چ لە ڕووی سەربازی-تەکنیکی بێت یان سروشتی دیکە، بۆ ئەوەی هەڕەشەکان لەسەر ئاسایشی نیشتمانییەکەی بوەستێنێت". لەلایەکی دیکەوە دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاندووە کە ئەو پێشنیارەی فینلاند بۆ ناتۆ هۆکارێکە بۆ پەشیمانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، فینلاند "هەنگاوی نادۆستانە"ی لە دژی ڕووسیا ناوە. سەبارەت بە ئەگەری وەڵامەکان، پێسکۆڤ زیادی کرد: "هەموو شتێک بەندە بەوەوە کە پرۆسەی فراوانکردنی (ناتۆ) چۆن بەڕێوەدەچێت، و ژێرخانی سەربازی چەندە لە سنوورەکانمانەوە نزیکە".