ناس کورد-
بەرگرى شارستانى سلێمانى رایگەیاند، هۆکارى تەقینەوەى کافتریاکەى سلێمانى لێچوون و کۆبوونەوەى غاز بووە و دادگا لایەنى کەمتەرخەم دیاریدەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رێکان عەزیز وتەبێژى بەرگرى شارستانى بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند، دواى 14 کاتژمێر کارکردن کارەکانى بەرگرى شارستانى کۆتایی هات و دەرکەوت 14 کەس برینداربوون و بەشى زۆریان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
وتیشى هۆکارى تەقینەوەکە لێچوون و کۆبوونەوەى غاز بووە، لێچونێک هەبووە لەبەشى پشتەوەى کافتریاکە کە خەڵوزى نێرگەلەى لێ گەشێنراوەتەوە، بۆیە غازە پەنگخواردووەکە تەقیوەتەوە.
وتەبێژى بەرگرى شارستانى باسى لەوەشکرد، تانکى و سیستەمى غازەکە وەکو خۆى ماوەتەوە و نەتەقیوە، تەنیا کێشەکە لێچوونەکە بووە، سیستەمەکە لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتەوە دانراوە.
جەختیشیکردەوە، کەیسەکە لە بنکەى پۆلیسى رزگارییە و دادگا لایەنى کەمتەرخەم یەکلایی دەکاتەوە. بەهۆى تەقینەوەکەوە دوو بیناى پشتى کافتریاکەش زیانیان پێگەیشتووە.
ئەو بینایەى تەقیوەتەوە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و زیاتر لە ساڵێکە کراوەتە کافتریا و شەوانە خەڵکێکى زۆر سەردانى دەکەن.