ناس کورد-
ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى هەڵوێستى خۆى سەبارەت بە دواکەوتنى مووچەى مانگى (3) ى شایسته داراییهكانى مامۆستایان و فهرمانبهرانى زانکۆ راگەیاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەیاننامەیەکى ئەنجومەنەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە مووچەى (مامۆستایان و فەرمانبەران) ى زانکۆ دابین بکەن.
دەشڵێت، بەدەوام نەکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران دەبێتە هۆى دواکەوتنى پڕۆسەى خوێندن وە ئاستى کوالێتى خوێندنى خوێندکاران دادەبەزێت.
دەقى بەیاننامەکە:
ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى لە کۆنوسى ژمارە (15) ى کۆبونەوەى ئاسایى خۆى کە لە ڕێکەوتى (26/4/2022) سازدرابوو بە تێکرایى دەنگى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن بڕیاریدا بە بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەک سەبارەت بە دواکەوتنى مووچەى مانگى (3) ى شایسته داراییهكانى مامۆستایان و فهرمانبهرانى زانکۆى سلیمانى کە ئەمە دەقەکەیەتى:-
(( وەک ئاگادارن دوو مانگە مووچەى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە کاتى خۆى نەدراوە و مووچەى مانگى دوو بەنزیکەى دوو مانگ ئینجا دابەشکراو مووچەى مانگى (3) ش دواکەوتووەو تابەروارى نوسینى ئەم بەیاننامەیە دابەش نەکراوە، لە ماوەى ڕابردوودا نوێنەرى مامۆستایان سەردانى سەرۆکى زانکۆیان کردو داواکارییەکانیان بە بەڕێز سەرۆکى زانکۆ ڕاگەیاندو بەڕێزیشیان لە هەمان ڕۆژدا داواکارییەکەیانى بەرزکردەوە بۆ وەزارەت، و پاشان نوێنەرى مامۆستایانى زانکۆ لە زانکۆى سلێمانى لەگەڵ بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا کۆبوونەوەیان ئەنجام داو بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا پەیمانى پێدان کە داواکارییەکانیان ئەوانەى، کە لە دەسەڵاتى بەڕێزیاندایە بڕیارى پێویستى لە بارەوە دەدات و ئەوانەشى، کە لە دەسەڵاتى بەڕێزیاندا نىیە بەرزیبکاتەوە بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ وەرگرتنى ڕەزامەندى پێویست، خۆشبەختانە وەزارەتى خوێندنى باڵا بە نوسراویان ژمارە (535) لە (18/4/2022) چەند دەسەڵاتێکیان لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران داواکردووە کە بدرێت بە بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ چارەسەرکردنى ئەو داواکارییانەى، کە لە لایەن مامۆستایانەوە بەرزکراوەتەوە بۆ بەڕێزیان و بە نوسراویان ژمارە (7170) لە (19/4/2022)، کە ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى و ئابوورى کراوە تیایدا داواى ڕەزامەندى وەزارەتى دارایى و ئابوورى دەکەن بە پێشخستنى مووچەى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ڕیزبەندى یەکەمەکانى لیستى دابەشکردنى مووچە تاوەکو مووچەى وەزارەتمان تووشى گرفتى دواکەوتن نەبێتەوە بەهۆى نەمانى پارەى نەختینە لە بانکەکان.
لەبەر ئەوە ئێمە وەک ئەنجومەنى زانکۆ داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە مووچەى (مامۆستایان و فەرمانبەران) ى زانکۆمان دابینبکرێت لەبەر ئەم هۆکارانەى لاى خوارەوە:-
1- زانکۆى سلێمانى جیاوازە لە سەرجەم دام و دەزگاکانى ترى حکومەتى هەرێم، لەبەر ئەوە پابەندە بە کاتەوە کە ساڵى خوێندن لە ڕێکەوتى (1/9) ى هەموو ساڵێکەوە دەستپێدەکات و تا ڕێکەوتى (1/7) ى هەموو ساڵێک بەردەوام دەبێت، وە بەدەوام نەکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران دەبێتە هۆى دواکەوتنى پڕۆسەى خوێندن وە ئاستى کوالێتى خوێندنى خوێندکارانى زانکۆمان دائەبەزێت و ئەم هۆکارەش لە ئەستۆى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆمان نابێت.
2- مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەتى چینێکن بژێوى ژیانیان تەنها پشت بە مووچەکەیان دەبەستێ و هیچ سەرچاوەیەکى ترى ژیانیان نى یە داواکارین بەزووترین کات ئەم تێبینیانەى سەرەوەى ئەنجومەنى زانکۆمان بەهەند وەربگیرێت و، بە پێچەوانەوە نزمى ئاستى خوێندنى ئەمساڵ لە ئەستۆى مامۆستایانى زانکۆمان نابێت.