ناس کورد-
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی تۆپەبارانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کرد بۆسەر چەند ناوچەیەکی ناوچەی سیدەکان لە هەولێر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (11ی ئایاری 2022) دەڵێت، "جارێکی تر جەختی دەکەینەوە کە نابێت خاکی عێراق بەکاربهێنرێت وەک بارەگا و ڕێڕەو بۆ هەڕەشەکردنی لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی گفتوگۆ و دانوستان دەکەین."
وەزارەتەکە داوای "پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عێراقی کردووە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران چەند بنکە و بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی (کۆمەڵە) لە کوێستانەکانی بەربزین لە سنووری ناحیەی سیدەکان باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر تۆپباران کرد و بەهۆیەوە پڕۆسەی خوێندن ڕاگیرا.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو (11ی ئایاری 2022) گوتی: " کاتژمێر ھەشت و 20 خولەک تا کاتژمێر نۆی ئەمڕۆ لەلایەن تۆپخانەکانی ئێران ناوچەکانی بەربزین و سنووری سیدەکان کرانە ئامانج بە نزیکەی 10 بۆ 12 جار تۆپباران لەم ناوچەیەدا ھەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
ئیحسان چەلەبی لەبارەی زیانە ماددییەکان گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرەتای دەستپێکردنی کاری کشتوکاڵییە و خەڵک خەریکی کاری خۆیانن، بۆیە بەهۆی ئەم تۆپبارانەوە ناتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن".
ئیحسان چەلەبی گوتیشی: "تۆپبارانەکە بووە ھۆی وەستاندنی پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەی گوندی بنەڕەشکین و بۆ سەلامەتی گیانی قوتابییەکان تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆمان لە گوندەکە دواخست".
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، ئیحسان چەلەبی لەبارەی زەرەر و زیانەکانیش لەماوەی رابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای پاسداران، گوتی: "ئەمساڵ یەکەمجارە ئەم ناوچەیە تۆپباران دەکرێت، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەکانی ئێرانەوە ھاووڵاتییەک لە سنووری ئێمە شەھیدبووە، ھەروەھا سێ هاووڵاتییش برینداربوون".
ئیحسان چەلەبی گوتیشی: "ئێستا کاتی گەڕانەوەی خەڵکە بۆ شوێنی خۆیان بەھۆی وەرزی کشتوکاڵکردنەوە بەتایبەتی تەماتە و کۆمەڵێک بەرووبوومی دیکە، بەڵام ئەگەر تۆپبارانەکە بەردەوام بێت ئەوا بێگومان خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر شوێنەکانیان".