ناس کورد-
لەتیف مستەفا پسپۆڕى یاسایی لەنامەیەکدا بۆ پارتى رایگەیاند، باشترین بژاردە ئەوەیە کە لەگەڵ بەغدا لەسەر یاسایەکی باشی نەوت و غاز رێک بکەون و نەوتەکە لەرێی فەرمی و یاسایی عێراقەوە بەنرخی جیھانی بفرۆشرێت نەک ھەرزان فرۆش بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقى نامەکە:
برایانی پارتیمان
لە بەیاننامەی دوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی « سەرکردایەتیان » و لە بڕگەیەکیدا داوای ھەلوەشاندنەوەی دادگای فیدراڵی دەکەن و داوای دوبارە پێک ھێنانەوەی بەگوێرەی دەستور دەکەن ، ئەم داوایەتان رەوایە بەڵام وەک ریفراندۆمەکە لەکاتی خۆیدا نیە ، عەرەب وتەنی ( كلمة حق يراد بها باطل ) ھیوادارم بە لۆژیک وەلامی ئەم پرسیارانە بۆ رای گشتی بدەنەوە.
یەکەم : ئەرێ ئەوە ئێوە نەبوون وەک پارتی کە خۆتان بە نوێنەری پلە یەکی کورد دەزانن لە بەغداو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیتان ھەیەو ھەموو سەوداو مامڵەکان لەگەل ئێوە دەکرێت ،ساڵی پار ٢٠٢١ ڕازی بوون بەوەی لەجیاتی یاسای تازە کە پێویستە بەگوێرەی دەستور بە دوو لەسەر سێ دەربچێ و شارەزایانی یاساو شەریعەتیش تیایدا ئەندامن بن ، ھاتن یاسا کۆنەکە تان ھەموار کردەوە بە زۆرینەو بە پێچەوانەی دەستوور بێ ئەوەی ئیعتیراز بگرن یان بایکۆتی دانیشتنەکە بکەن و بەلکو دەنگیشتان پێدا ، کەواتە ئەگەر کەم و کورتیەک لەم ڕوەوە ھەبێ یان دادگاکە بەیاسایەکی نادەستوری دروست بوبێ« کە ئەوە ڕاستە » خۆتان شەریک و ھاوبەشن و ناتوانن خۆتانی لێ بێ بەری بکەن و بیخەنە ئەستۆی ئەوانی دی، ناکرێ تۆ خۆت بەشدار بووبی لەو کردەوەیە ئێستا خۆتی لێ بێبەری بکەی و بیخەیتە سەرشانی بەرامبەر ، بەدلنیاییەوە ئەم قسەیەتان لێ وەرناگیرێ. قاعیدەیەکی یاسایی ھەیە دەڵێت:
« من سعى في نقض ما تم من جهته فسعيه مردود عليه» واتە «ھەرکەسێک ھەوڵی دا بۆ ھەلوەشاندنەوەی کارێک کە لەسەر دەستی خۆی کراوە ، ھەوڵەکەی ڕەت دەکرێتەوە و دەکرێتەوە سەر ساحێبی »
دووەم: ئەوە ئێوە خۆتان بوون دوای ھەمواری یاساکە و لەکاتی دوبارە پێکھێنانەوەی دادگاکە ڕازی بوون بە پشکپشکێنە کردنی حیزبی دادگاکە، لەجیاتی ئەوەی دادگاکە بەراستی لەسەربنەمای دانانی دادوەرانی بێلایەن و خاوەن ویژدانی دادوەری و زانیاری و شارەزایی و شایستەیی دابنرێن، ئەی بێگومان تۆ رازی بیت دادگایەک لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی دابمەزرێنی و خۆت تێیدا کەمینە بیت ھەمیشە دۆڕاوی.
سێیەم : باشە ئەگەر لە ئێستادا دەلێن دادگاکە نادەستوریە بۆچی ئەندامەکانی ھەرێم ناکێشنەوە ؟ لە کاتێکدا بەگوێرەی مادەی شەشەمی ھەمواری یاسای دادگای فیدرالی ساڵی ٢٠٢١ دەبێ دادگاکە نوێنەری ھەموو پێک ھاتەکانی عێراقی تێدا بێت و ئەگەر وانەبێ شەرعیەتی نامێنێ
دیارە ھۆکاری ئەم ھەلوێستەتان ، کە پێشتر سەرۆکی حوکمەتیش ھەمان ھەلوێستی دەربڕیبوو ھۆکارەکەی بریارەکەی دادگا فیدرالیە سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی ھەرێم ، ئەگەر دادگا بریارێکی وای دەرنەکردایە ھەرگیز داوای ھەلوەشاندنەوەیتان نەدەکرد ،ئەگەر سەد ئەوەندەی تر نادەستوری بوایە
من پێشتریش وتومەو ئێستاش دوپاتی دەکەمەوە و نامەوێ دوبارەیان بکەمەوە بەدلنیاییەوە ئەو بریارە خۆتان ھۆکار بوون « واتە کەسانی بەرپرسی ئەم دۆسیەیە لەناو حوکمەت »جا بە ئەنقسەت بووبێ یان بەھۆی کەمتەر خەمی و نەشارەزاییتانەوە بوبێت،
لە ئێستادا ئەو دادگا نادەستوریە بریارێکی دەرکردوەو بریارەکە ناکرێ تانەی لێبدرێ و مولزەمیشە« سەرەرای تێبینی لەسەر بریارەکە»
ئایا ناکرێ لە جیاتی عینادی ئەم بریارە بکرێت بەدەرفەت بۆ رێککەوتنێکی شەفاف کە لەقازانجی خەلکدا بێت؟
بەرای بەندە دەکرێ ئەم بریارە بکرێتە دەرفەتێکی زێرین بۆ خۆ رزگار کردن لەو ھەموو رێک کەوتنە نایاسایی و نا بەرامبەرانەی لەگەل تورکیاو کۆمپانیا نەوتیەکان کراون کە لەرێیەوە بەشی زۆری پارەی نەوت بۆ تورکیا و ئەو کۆمپانیایانەو دزی و گەندەلی دەروات، ھەر بە حیسابەکەی خودی سەرۆکی حوکنەتیش بێ کە پێش ماوەیەک باسی کرد ھیچی وای لێ نامێنێتەوە.
جاری تریش وتومە عەقل و لۆژیک پێمان دەلێت ،باشترین بژاردە ئەوەیە کە بچین لەگەل بەغدا لەسەر یاسایەکی باشی نەوت و غاز رێک بکەوین و نەوتەکە لەرێیی فەرمی و یاسایی عێراقەوە بەنرخی جیھانی بفرۆشین نەک ھەرزان فرۆشی بکەین .
ئەو زیادەیەش کە لە زیاد كردني نرخی فرۆشتنی نەوتەکەی ھەرێم لەرێی بەغداوە دەست دەکەویت و دەچێتەوە ناو کۆی داھاتی گشتی دەشێ ئێمەش سود مەند ببینەوە لێی و بەشە بودجەی ھەرێمیشی پێ زیاتر بکرێ، ھیچ نەبێ لەوە باشترە خێزانی حوکمڕانی تورکیا ئەو زیادەیە بەرێت و دژایەتی کوردی لە باکورو رۆژئاواو باشوریش پێ بکات
(دیارە من وەک کەسێکی یاسایی لەگەڵ تەواوی دەسەلات و مافە دەستوریەکانی ھەرێم و پارێزگاکانم)
جگە لەوە ئەگەر ئێمە بەرێژەی بەرچاو بەشدار بووین لە بەرز کردنەوەی داھاتی عێراق ئەوکات مافیشمان دەبێ بزانین بودجەی عێراقیش بەگشتی نەک ھەر پشکی ھەرێم چۆن و بۆ کوێ و بۆ کێ خەرج.
ئەگەر ئەوە نەکەن دیارە ئەبێ شتێکی تری ژێر بەژێری وا ھەبێ نەتوانن لێی دەرچن و خۆتان و نەوتەکەشتان رەھنی تورکیا کردبێ
ھیوادارم بەلۆژیک و بەبەڵگە و لە رێی خەلکی شارەزاوە نەک « عەلی عەونیەکانتان » وەلامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە ئەگەر دەتانەوێ خەلک قەناعەت پێ بکەن.