ناس کورد-
پەرلەمانتار، ئەبوبەکر هەڵەدنی لەبارەی کەیسی پەیوەندیی سێکسیی پزیشکێک لەگەڵ نەخۆشێکدا ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، بەڵگەی دەنگی و ڕەنگی لەبەردەستدایە، بەڵام بەبێ سکاڵای تاوانلێکراو ناتوانن پزیشکەکە بدەن بە دادگا ئەوەش بەهۆی کلتوری کۆمەڵایەتی و ترسی قوربانییەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "سەبارەت بەو کەیسەی لەماوەی ڕابردوودا باسم کە پزیشکێک پەیوەندیی سێکسی لەگڵ چەند نەخۆشێکیدا هەبوو، لەگەڵ سەندیکای پزیشکان کۆبوومەوە و ئەوەم پێ ڕاگەیاندن کە بەڵگەی دەنگی و ڕەنگی لەسەر ڕووداوەکە هەیە."
وتیشی، "جگە لە قوربانییەکە پێنج شاهید بەسەر ڕووداوەکەوە هەن، بەڵام لەئێستادا کەسیان ئامادەنین بێنە پێشەوە و سکاڵا بکەن، چونکە قوربانییەکە لەئێستادا ژیانی خۆی دەستپێکردووەتەوە و ئامادەنییە سکاڵا بکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەربۆیە بەهۆی ئەوەی کە ئەو ئامادەنییە سکاڵا بکات، بۆیە من ناتوانم بەبێ سکاڵای ئەو هیچ بکەم لەو کەیسەدا."
باسی لەوەشکرد، "ئەو ڕاگەیەنراوەی سەندیکای پزیشکان بڵاویکردووەتەوە کە هەڕەشەی ئەوە دەکات من بدات بە دادگا، من ئامادەم بۆ هەموو شتێک و کەسێک لە دادگا دەترسێت کە پاشەڵی پاک نەبێت."
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو بابەتە بەلاڕێدا برا و بە سیاسی کراوە، هەروەها ناوی ئەو پزیشکەی بڵاوکرایەوە لەکاتێکدا من بەهیچ شێوەیەک نە ناوی پزیشک و نە ناوی هیچ شارێکم نەهێناوە."