ناس-
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سەرتاسەری هەرێم پارەی وانەبێژان تەنها بۆ مانگی دوو دابەشكراوە، بۆ مانگی سێ پارەكانیان كراوە بە چەك هەركاتێك بانكەكان پارەیان بۆ بێت ئەوانیش شایستە داراییەكانیان وەردەگرن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە 10-5-2022، پرۆسەی تاقیكردنەوەی خولی یەكەمی تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی دەستیپێكرد و دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "خولی دووەم لەدوای 11 رۆژی دیكە لە تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی خوێندكاران دەست پێدەكات، بۆئەوەی خوێندكاران بتوانن سود لە پشووی هاوین وەربگرن و پەیوەست نەبن تەنها بە خوێندن و سەعی كردن لەوەرزی هاوین."
وتیشی، " لەم ماوەیەدا و تاوەكو 19 \5 پێویستە خێزانەكان سەردانە كۆمەڵایەتییەكان كەم بكەنەوە، بۆئەوەی كەشێكی ئارام بۆ خوێندكاران دابین بكرێت تا بتوانن خۆیان باش ئامادە بكەن و پرۆسەی خوێندن بەسەركەوتویی بەڕێوەبچێت."
باسی لەوەشکرد، " لە كۆتایی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی گشتی ئەنجام دەدرێت بۆ پلانی ساڵی داهاتوو، لەسەرەتای مانگی نۆ دەست دەكرێت بە خوێندنی ساڵی داهاتوو."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ، باسی لەوەکرد، "تەنها لە سلێمانی كێشەی پارەی وانەبێژان نییە، بەڵكو كێشەكە سەرتاسەرییە و پەیوەندی بە نەبونی سیولەوە لەبانكەكان هەیە، نەک بابەتێكی سیاسی، تا ئێستا وانەبێژانی سلێمانی پارەی مانگی (شوبات/2)یان وەرگرتووە هاوشێوەی مامۆستایانی وانەبێژی دهۆك و هەولێر."