ناس کورد-
وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری داوا دەکات قوباد تاڵەبانی "دۆخی سلێمانی و ئەو قەیرانانەی كە بەرۆكی هاووڵاتیانی ئەم سنوورەی گرتووە ڕوونبكاتەوە و بە ڕاشكاوانە بڵێ هۆكار پارتییە یان حزبەكەی خۆی یان هەر هۆكاریەكی تر".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری لە نوسراوێکدا (9ی ئایاری 2022) لەژێر ناوی "دۆخی سلێمانی و ڕۆڵی جێگری سەرۆکی حکومەت!" دەڵێت، "دۆخی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لە زۆر ڕووەوە خراپە و مەترسی لەسەرە".
دەشڵێت، "لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا بە تایبەتی دۆخێكی نالەبارتر لەم ناوچەیەی کە ئەمری واقیع ناوی سەوزی بەسەردا سەپاندووە، دەگوزەرێت بە تایبەت لە ڕووی موچە و خزمەتگوزارییەكانەوە، كاتیەتی كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە حوكمی بەرپرسی یەكەمی دەسەڵات لەم زۆنە و بەرپرسی دووەمی حزبی دەسەڵاتداری زۆنەكە هۆكاری دۆخی سلێمانی و ئەو قەیرانانەی كە بەرۆكی هاووڵاتیانی ئەم سنوورەی گرتووە ڕوونبكاتەوە و بە ڕاشكاوانە بڵێ هۆكار پارتییە یان حزبەكەی خۆی یان هەر هۆكاریەكی تر".
محەمەد حەکیم باسی لەوەشکردووە کە "هیچ کاتێک بە ئەندازەی تەمەنی ئەم کابینەیە، دۆخی ناوخۆ لێکترازاو و گوزەرانی خەڵک سەردەمی خراپی وای بەخۆیەوە نەدیوە."
"بۆیە ئەرکی ئەخلاقیی و سیاسیی کاک قوبادە بە خەڵک بڵێت ئەمە چیە ڕوودەدات و بۆ بەردەوامە و جگە لە قسە، هیچ کردارێک بە ئاراستەی چارەسەر دیار نییە".