گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دەڵێت مەترسی تیرۆرکردنی لەسەرە

مام فارس.. ئەو پیاوەی خەمی جوتیارانی هەرێمی لە کۆڵ ناوە

2019.03.14 - 15:43
مام فارس.. ئەو پیاوەی خەمی جوتیارانی هەرێمی لە کۆڵ ناوە

 

ناس کورد-

مام فارس ئەو جوتیارە کوردەی لە بەغداد داوای مافی ‏جوتیارانی دەكرد، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ناس كورد-دا باس لەوەدەکات، شانازی دەکات بەوەی كە بە جلی كوردییەوە داوایەكی یاسایی لە بەغداد لە مالكی و عەبادی ‏بردۆتەوە، ناشیشارێتەوە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.‏

 

لە دوایین دانیشتنی كەیسی داواكردنی مافی جوتیاراندا، دادگای ‏ره‌سافه‌ی بەغدا بریاریدا ‏پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی کوردستان بۆ ساڵه‌کانی ‏‏2014 و 2015 و 2016 ‏خه‌رجبکرێت.

هەرچەندە هەندێك دەڵێن مام فارس لەو كەیسەدا تەنها داوای خۆی بردۆتەوە ‏وەك جوتیارێكی مافخوراو نەک هەموو جوتیارانی هەرێم، بەڵام مام فارس بەو وتەیە دڵگرانە و دەڵێت: "ئەوانەی دەڵێن ‏تەنها كەیسی خۆمم بردۆتەوە شارەزای یاسا نین، ‏27ی ئەم مانگە بڕیارەكەی دادگای ‏ڕەسافە جێبەجێدەكرێت، ئەو كاتە پارەكە لە لایەن حكومەتی عیراقییەوە دەدرێت، ‏نەدەكرا 5 هەزار جوتیار لەگەڵ خۆم ببەم بۆ بەغداد بۆیە تەنها داواكەم بەناوی خۆمەوە ‏كردووە، ئەگەر من كەیسەكە ببەمەوە كە بردووشمەتەوە، ئەوكات ئەو یاسایە بۆ هەموو ‏جوتیاران جێبەجێدەكرێت كە پێی دەڵێن 'پێشینەی دادوەری' بۆیە با جوتیاران ‏دڵنیا بن لەوە".‏

 

 

لە بارەی ئەوەی تا چەند دڵینایە كە ئەو پارەیە حكومەتی عیراق خەجی دەكات، مام فارس ‏وتی: "بەرهەم ساڵح پێی وتم، بەڵێنی لە عادل ‏عەبدولمەهدی وەرگرتووە كە یاساكە چەسپا ‏پارەكە خەرج دەكرێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە 27ی ئەم مانگە دەبێت بڕیارەكەی دادگا ‏جێبەجێبكرێت".‏

‏"گەر حكومەتی عیراق تەنها پارە بۆ من خەرج بكات ئەوكات داوادەكەین بۆ هەموو ‏جوتیارانی هەرێمیش یاساكە جێبەجێبكرێت و كۆی پارەكە كە 555 ملیار دینارە ‏خەرجبكرێت، ئەگەر نا، من وەكالەت لە هەموو جوتیارەكانی هەرێم وەردەگرم، مافی ‏هەموو جوتیاران وەردەگرمەوە،" ‏مام فارس وادەڵێت.‏

 

یەكێك لەو هەنگاوانەی ئەو جوتیارە كوردە دڵی پێی خۆشە غەرامەكردنی حكومەتی عێراق و ‏وەرگرتنی قەرەبووی جوتیارانە كە ڕێژەكەی لە نێوان 7% بۆ 15% دەبێت، بەو پێیە لە ‏گەڵ ئەو پارەی كە مافی خۆیانە جوتیاران ڕێژەیەكی تر پارە وەردەگرن وەك قەرەبوو كە ‏نزیكەی 80 ملیار دینار دەبێت، چونكە نەناردنی پارەكە نایاسایی بووە و "غەدر بووە لە ‏جوتیاران كراوە".‏

 

بە ڕای مام فارس هەموو كێشەكانی هەرێم بە جوتیارانیشەوە لە بەغدادە، "ماوەی ‏ئەم 27 ساڵە‎ ‎‏ حكومەتی هەرێم نە توانیوێتی بەرگری لە هاوڵاتیانی بكات، ڕێگاشیان ‏نەداوە ‏چاوكراوە بین خۆمان داوای مافی خۆمان بكەین".‏

 

 

مام فارس شانازی بەوەوە دەكات بە جلی كوردییەوە داوای مافێكی خوراو دەكاتەوە و وتی: ‏‏"لە ڕووی مەعنەوییەوە زۆر گەورەیە بە تەنیا و بە جلی كوردییەوە چومەتە بەغداد، ئەوان ‏بە تەحەدا پارەیان لێبڕیوین منیش بە یاسا داوای دەكەمەوە."‏

 

لە بارەی مەترسی ئەو هەنگاوەی كە بەرەوە بەغداد ناوێتی مام فارس وتی: "ژیان چییە ‏ئەگەر پیاو بەكەرامەتەوە نەژی، پێویستە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین، ڕەنگە سبەی تیرۆر ‏بكرێم، چونكە فەزحی سیاسەتی مالكی و عەبادی دەكەم، بە ناحەق پارەیان بڕییوە، بۆیە ‏ئەگەری زۆرە ڕوبەڕوی هەر مەترسییەک ببمەوە".‏

 

 

 

لە بارەی ئەو لایەن و كەسانەی لە بەغداد پاڵپشتی ئەویان كردووە مام فارس وتی: ‏‏"فراكسیۆنی گۆڕان پشتیوانم بوون، هەندێك پەرلەمانتاری تری كورد پرسیاری كەیسەكەیان ‏لێكردووم، سەرۆك كۆماری عیراقیش ‏دكتۆر بەرهەم زۆر هاوكارم بوو، دوو جار بردومییەتە ‏نێو قەسری جموری وە پێی وتم 'تۆ سەری هەموو كوردت ‏بەرزكردۆتەوە'، بەڵام ‏لەسەرووی هەمویەوە جورئەت و كۆڵنەدان و چاونەترسی خۆم وای كرد كەیسەك بەو ‏جۆرە ببەمەوە".‏

 

مام فارسی جوتیار باس لەوەش دەکات پارەكەی خۆی كە لای حكومەتی عێراقە ئەوەندە ‏زۆر نییە، "بەڵام من تا ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو پارەیەم خەرجكردووە، ‏چونكە 23 جار ‏چومەتە بەغداد و پارێزەرەكانم بردووە لەسەر گیرفانی خۆم". ‏

 

 

لە بارەی كەیسی پارەی گەنمی جوتیارانەوە لە دواین دانیشتنیدا دادگای رەسافەی بەغدا ‏بڕیاریدا بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران لە 2014 تاوەکو 2016‏‎، رێبین ‏شه‌مامکی، پارێزه‌ری خۆبه‌خشی جوتیارانیش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختیکردەوە کە بڕیارەكەی دادگای ‏ره‌سافه‌ی ‏بەغدا  بۆ خەرجكردنی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی کوردستان لەلایەن وه‌زاره‌تی ‏بازرگانیی عێراقه‌وه‌ جارێکی دیکە ته‌میز ناکرێته‌وه‌و بریاری کۆتایی ‏وه‌رگرتووه‌‏‎.‎

 

بەشێك لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان پارەی گەنمی ساڵی 2014 یان وەرنەگرتوە، ‏ھەروەھا هیچ بڕە پارەیەکی ‏ساڵەکانی 2015 و 2016 و 2017 تا ئێستا بۆ ‏خەرجنەکراوە.‏