گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی ورد

کشانەوەی گەورە کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکی لە کوردستان پەیوەندی بە بڕیارەکەی بەغداوە هەیە؟

2022.04.30 - 14:34
App store icon Play store icon Play store icon
کشانەوەی گەورە کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکی لە کوردستان پەیوەندی بە بڕیارەکەی بەغداوە هەیە؟

ناس کورد-

ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە دۆسیەی نەوت ڕایگەیاند، کشانەوەی گەورەکۆمپانیای ئەمریکیی ئێکسۆن مۆبایل لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نوێ نییە و پێشتر لە زۆربەی کێڵگەکانی کشاوەتەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕێکخراوەکە لە شیکارییەکدا (30ی نیسانی 2022) باسی لەوەشکردووە، کۆمپانیاکە لە کۆتایی ساڵی 2016دا لە سێ کێڵگە کشایەوە کە بریتی بوو، ساڵی 2021یش لە بەعشیقە پشکەکانی خۆی فرۆشت بە دی ئێن ئۆ DNO ی نەرویجی.

 

دەشڵێت، "کشانەوەی کۆمانیاکە زۆر پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ بووە سەبارەت بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەتی نەوتی عێراق گرتویەتییە بەر سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی هەرێم دا."

 

دەقی شیکردنەوەکە:

سەرەتای هاتنی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بپ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەم کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم کرد لە شەش کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان. کێڵگەان بریتیبوون لە ( قەرەهەنجیر، رۆژهەڵاتی عەربەت، بێتواتە، ئەلگوش، بەعشیقە و پیرمام) کە سێ کێڵگەی یەکەمیان لە ناوچەی پارێزگای سلێمانین و سیانەکەی تریان لە ناوچەی هەولیر و دهۆکە. کۆمپانیای ئێکسۆن 80%ی پشکەکانی هەبوو و کۆمپانیای وزەتی تورکی TEC رێژەی 20%ی پشکەکانی ئەوکێڵگانەی هەبوو.

 

بەدڵنیای هاتنی ئێکسۆن مۆبیل لەوکاتەدا گرنگی خۆی هەبوو بۆ سەکتەری نەوتی هەرێمی کوردستان لەپاڵ سێ کۆمپانیای گەورەی تری جیهانیدا لەوکاتەدا کە بریتی بوون لە شێڤرۆنی ئەمەریکی، تۆتاڵی فەرەنسی و گازپرۆم نەفتی ڕوسی. (ساڵی پار تۆتاڵ پشکەکانی خۆی لەکێڵگەی سەرسەنگ فرۆشت بە کۆمپانیای شاماران و لە هەرێم کشایەوە)

 

وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بەشێوەیەکی گشتی لەهەر بوار و سەکتەرێکدا ئامانجی سەرەکی لێی دەستخستنی مادییە بەتایبەت لەسەکتەری نەوتدا کە سەرمایەیەکی زۆری لەسەرەتادا تێدا خەرج دەکرێت و جگەلە مەترسییە تەکنیکی و جێولۆجی و جیۆپۆلێتیکەکان کاتێکی زۆریشی دەوێت ت سەرمایە خەرج کراوەکە دەست دەخرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەوە ناسراون کە روو لەوناوچانە دەکەن کە مەترسییان زیاترە چونکە لە بەرانبەردا قازانجی گەورە دەکەن.

 

جۆری ئەو گرێبەستانەی هەرێم لەگەڵ ئێکسۆن و کۆمپانیاکانی تری نەوتدا کردویەتی لەجۆری هاوبەشیکردنە لە بەرهەمە Production Sharing Agreements. بەپێی ئەم گرێبەستە کۆمپانی بەدوای نەوت و گازدا دەگەرێت و ئەگەر نەوت و گازی دۆزیەوە و ئەوەندە بووو پەرەپێدانی تیادا بکات و دەگاتە بەرهەم بەردەوام دەبێت و کاتێک گەشتە بەرهەم هێنان لە نەوت یان گازی بەرهەم هاتوو ئەو کات بە قۆناغبەندی خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە بەڵام ئەگەر هیچی نەدۆزییەوە یان بڕەکەی ئەوەندە نەبوو ئەوکات دەتوانێت بکشێتەوە بەڵام ئەوپارەیەی خەرجی کردووە وەرناگرێتەوە( لێرەدا ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە لە شوێنی تردا باسم کردووە).

 

قۆناغی گەڕان و پشکنین بەپێی گرێبەستەکانی هەرێم سەرەتا پێنج ساڵە و دەتوانرێت دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە بۆ حەوت ساڵ و لەهەندێ بارودۆخدا بۆ نۆ ساڵیس درێژ دەکرێتەوە.

 

ئێکسۆن مۆبیل دوای ئەوەی دەستی کرد بەگەڕان و پشکنین لەو شەش کێڵگەی هەرێم لە ساڵی 2011دا پاش پێنج ساڵ و لە کۆتایی مانگی 12ی 2016دا لە سێ کێڵگە کشایەوە کە ئەو سێ کێڵگەیە هەرسێکیان دەکەوتنە ناوچەی سلێمانی، ئەو کات زۆرێک لە لێکدانەوەکان بەرگێکی سیاسی و پەیامێکی سیاسیان بۆ دەدوری بەڵام من بە پێچەوانەوە ئەوکات پێم وابوو کە هۆکارەکە ئەوەیە کە نەگەشتوون بەو نەوتەی کە چاوەڕێیان دەکرد و هیوایان پێی بوو یاخوود بەرهەم هێنان بۆ کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەکو ئێکسۆن لەو کێڵگە بچوکانەدا ئابوریانە نەبووە.

 

کشانەوەی ئێکسۆن مۆبیل لەسێ کێڵگەی هەرێم

کەواتە سەرەتای کشانەوەی ئێکسۆن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016ـە و بە ساڵی 2021 کۆتایی دێت بەقۆناغبەندی بەم شێوەیە:

1- لە ساڵی 2016دا لە کێڵگەکانی (قەرە هەنجیر، ڕۆژهەڵاتی عەربەت و بێتواتە) کشاوەتەوە

2-  پاشان لە قۆناغی دووەمدا لەساڵی 2017 لە کێڵگەی ئەلگوشیش کشایەوە

3- ساڵی 2021 پشکەکانی لە کێڵگەی بەعشیقە کە رێژەی 32%ی مابوو فرۆشت بە کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی کە بڕیارە لەمساڵدا بکەوێتە بەرهەم.

4- ساڵی 2021 دوای بەعشیقە لە دواهەمین کێڵگە کە پیرمام بوو کشایەوە.

279109950_679360753344218_8376907373942499470_n.jpg

کەواتە کشانەوەی کۆمانیاکە زۆر پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ بووە سەبارەت بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەتی نەوتی عێراق گرتویەتییە بەر سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی هەرێم دا.

 

کۆمپانیاکان ( ئێکسۆن مۆبیل و کۆمپانیای وزەی تورکی ) تا بەرواری 27ی حوزەیرانی 2016 لەو شەش کێڵگەیە بڕی یەک ملیار و 359 ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە و لەم بڕەش یەک ملیار و 87 ملیۆن دۆلار ئێکسۆن مۆبیل خەرجی کردووە.

 

کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە عێراقیش وەبەرهێنانی دەکرد لە یەکێک لە کێڵگە گەورەکانی عێراق کە رۆژئاوای قورنەیە. ماوەی زیاد لەساڵێکە کۆمپانیاکە رایگەیاندبوو کە دەیەوێت لە کێڵگەکە بکشێتەوە و پشکەکانی بفرۆشێت ، بۆ ئەومەبەستەش قسەی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی گەورەی جیهاندا کردبوو تاوەکو لە سەرەتای ئەمساڵدا و بەدیاری کراوی لە 5ی کانوونی دووەمی 2022دا وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی پشکەکانی ئێکسۆنی کڕیوەتەوە. لە ساڵی 2021 چەندین جار وەزیری نەوتی ئێراق کشانەوەی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی لەعێراق بۆ ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی گەڕاندەوە و هۆشداریشی دا کە مەترسی هەیە کۆمپانیای تریشی بەدوادابێت. کەواتە تەنها کشانەوەکە لە هەرێم نییە و لەسەر داوای عێراق نییە بەڵکو لە عێراقیش کشاوەتەوە.


ئەوکێڵگانەی بەسوور دیاری کراوە ئەوکێڵگانەن کە ئێکسۆن لە هەرێم لێیان کشاوەتەوە

279272170_488487523062143_5480214605682549477_n.jpg