ناس کورد-
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی داھاتی نەوت کۆبووینەوە و "ئامار و داتایان بە ئێمە داوە کە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە 360 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات و داھاتی مانگی ڕابرووی نەوتیش ملیاریک و 118 ملیۆن دۆلار بووە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
گولیزار ڕەشید سندی لە فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکی بۆ میدیای فەرمیی حزبەکەی (30ی نیسانی 2022) گوتی، "ئێمە وەکو لیژنەی سامانە سروشتیەکان لەگەڵ تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبووینەوە کە نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدایە و ئامار و داتای نەوتی ھەرێمی کوردستانیان بە ئێمەدا، بۆ نموونە لە مانگی ئادار ھەرێمی کوردستان کە پێشتر 420 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا بۆ 360 ھەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە، ئەمەش بەھۆی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیایە کە کۆمپانیاکانی ڕووسیا لە ھەرێم کار دەکەن بەرھەمھێنانی نەوت 60 ھەزاریان کەمکردووە، ئەمەش وای کردووە نەتواندرێت ڕێژەی پێویست کە 420 ھەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا ھەناردە بکرێت".
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە 99 دۆلار و 97 سەنت فرۆشتووە، کۆی داھاتی مانگی ڕابردوو ملیارێک و 118 ملیۆن دۆلار بووە" باسی لەوەشکرد "لەو داھاتەی نەوتی ھەرێمی کوردستان 577 ملیۆن دۆلار دراوە بە خەرجی کۆمپانیاکان و 541 ملیۆن دۆلاریش دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ خەرجی".
ناوبراو گوتیشی: "ئەو ئامارە تیمی حکوومەت بە ئێمەی داوە کە نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدایە و ئەوەی باسی کەم و زیادی دەکات دەتوانێت لە نوێنەرانی خۆیان بپرسن، چونکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە".