گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

داوای لێبڕین لەكۆی گشتی پارەی هەرێم دەكرێت

هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەیە؟

2019.03.14 - 15:02
هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەیە؟

 

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

پاش ناردنی مووچەی مانگی سێ و جیاوازی مووچەی مانگەکانی (یەک و دوو)ی فەرمانبەرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی عیراق بە نوسراوێک كۆمپانیای سۆمۆی ئاگادار کردەوە، بۆ لەمەودوا، لە هەر نەناردنێكی رۆژانەی نەوتی هەرێم بۆ كۆمپانیاكە، بڕەكەی لەكۆی گشتی پشكی هەرێمی كوردستان ببڕدرێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقیش ڕەتیدەکاتەوە ئەو هەنگاوە مەترسی بۆ مووچە دروستبکات.‌

 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ئەو لێبڕینەی كە لە نووسراوەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، لە كۆی گشتی پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت".

 

ئەو پەرلەمانتارە لەو بڕوایەدایە كە ئەو بابەتە پێویستی بەدیالۆگی هەرێم و بەغدا هەیە، بە پێویستیشیزانی هەرێمی كوردستان وەفدێك بنێرێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ‌و حكومەتی عێراق لە بارەی میكانیزمی بڕینی ئەو پارەیە.

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ڕونیكردەوە: "ئەو لێبڕینە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان‌ و هێزەكانی پێشمەرگە نییە ‌و لێبڕینەكە لەكۆی گشتی دەبێت".

 

"هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە نیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو دۆخەكاندا لەبەغداوە هێندەی ئەوە پارەی بۆ دێت كە مووچەی فەرمانبەرانی بەبێ‌ پاشەكەوت دابەش بكات" بە وتەی شیروان میرزا.

 

رۆژی 12ی ئاداری 2019 بەنوسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق، بڕی 724 ملیار و 819 ملیۆن دیناری خستەسەر هەژمار بانكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە بڕی 522 ملیار دیناری وەك موچەی مانگی سێ و بڕەكەی دیكەش وەك تەواوكاری موچەی مانگەكانی یەک و دووی ساڵی 2019 بوو، كە پێشتر دووجار بڕی 317 ملیار دیناری وەك موچەی مانگانەی فەرمانبەران لەبەغدا ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردبوو.