ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، گۆڕاوەکانی ئەمدواییەی کۆرۆنا ئاماژەیە بە کۆتایی پەتاکە و دەڵێت، "ئەگەری شەپۆلی پێنجەم و شەشەمیش لە عێراق هەیە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق (27ی نیسانی 2022) لە لێدوانێکی بۆ میدیای فەرمیی عێراقییە دەڵێت، "پەتای کۆرۆنا لە عێراق هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلی پێنجەم و شەشەمیش هێشتا هەیە."
ناوبراو جەختی لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە خۆپارێزییەکانی کرد لەلایەن هاوڵاتیانەوە و وتی، "چەند حاڵەتێکی توشبوون و مردن بە پەتاکە لە شاری شەنگهای چینی هەیە."
ڕیاز عەبدولئەمیر باسی لەوەشکرد کە هێشتا ئاستی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتیانەوە نەگەیشتووەتە ئاستی داواکراو و ئاشکرای کرد کە "ڕێژەی کوتان لە عێراق گەیشتووەتە 25%، لەکاتێکدا دەبوایە ئێستا 70% بووایە."
ڕوونیشیکردەوە کە "توندی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بەراورد بە گۆڕاوەکانی تر کەمتر بوو، بوونی گۆڕاوی لاوازیش ئاماژەیە بە کۆتایی پەتاکە."