ناس کورد-
تەنیا لەناو شاری هەولێردا ڕۆژانە 665 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان بەرهەم دێت، سەرچاوەی دابینكردنی ئەو بڕە ئاوە لە ڕێگەی پرۆژەكانی ئیفراز1 و 2 و 3 و زیاتر لە هەزار و 200 بیری ئاوە، بڕیاریشە ژمارەیەكی زۆر بیری نوێ لێ بدرێن كە بەهۆیانەوە بڕی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێردا زیاد دەكات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لەبارەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر (24ی نیسانی 2022) دەڵێ، لە ڕێگەی پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز1و2و3 و هەروەها زیاتر لە 1200 بیری ئاو لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان، ڕۆژانە (665,000م٣) ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی نێو شاری هەولێر بەرهەم دێت و دابەش دەكرێت. جگە لە ئاوی دەوروبەری هەولێر.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر تەرخان كرد، دواتر بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر لێدانی 138 بیری ئاو و دروستكردنی لیژنەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكانی ئاو لە شاری هەولێر درا.
سەبارەت بە لێدانی ئەو بیرانە لە شاری هەولێر، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر گوتی: بڕیار لەسەر 138 بیری ئاو دراوە، لەو ژمارەیە 104 بیریان بۆ نێو شاری هەولێرن، هەروەها 34 بیریش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێرن، كە 70%ی بیرەكان بیری بەدیلن بۆ ئەو شوێنانەی ئاویان وشكی كردووە یان دابەزیوە، 30%ی بیرەكانی دیكەش بیری نوێن بۆ گەڕەكە نوێكان و گەڕەكە فراوانبووەكان لێ دەدرێن.
لەبارەی كاریگەری ئەو بیرە بەدیل و نوێیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێردا، زەردەشت سەرسام، گوتیشی: لێدانی ئەم بیرانە دەبێتە ھۆی چارەسەری بەشێکی زۆری گرفتی كەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر و گرفتەكان بە شێوەیەكی بەرچاو کەم دەکات و بڕی بەرهەمهێنانی ئاویش لە هەولێر و دەوروبەری زیاد دەكەن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار