گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئەمریكییەكان پڕچەككردن و پارەداركردنی ئەو هێزە دەگرنە ئەستۆ

هێزێکی 100 هەزار چەکداری بۆ سونە دروستدەکرێت

2019.03.14 - 14:19
هێزێکی 100 هەزار چەکداری بۆ سونە دروستدەکرێت

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

لە شەش پارێزگای عیراق، ئەمریكا هێزێك لە سونە مەزهەبەکان دروستدەكات، ئەركی پڕچەكکردن و پارەداركردنیشیان دەگرێتە ئەستۆ، بۆ جێگرتنەوەی هەندێ هێزی دیكە لەو ناوچانە، ئەوەش بە وتەی وتەبێژی خێڵە عەرەبە سونییەكانی عیراق تایبەت بۆ ناس كورد.

موزاحم حوەیت بۆ ناس كورد ئاشكرایكرد: "لە گەڵ ئەمریكییەكان ڕێككەوتوین بۆ دروستكردنی هێزێكی 'سەحوە' لە پێكهاتەی خێڵە سونەكان، لە هەر شەش پاریزگا سونییەكەی عیراق، کە ژمارەیان زیاترلە 100 هەزار چەکدار دەبێت".

بە گوێرەی زانیارییەکانی حوەیت، لە ماوەی ڕابردوودا "كۆبوونەوەی چڕوپڕ" هەبووە لەگەڵ فەرماندە سەربازییە ئەمریكییەكاندا لە هەولێر و كەركوك و بنكەی عەینول ئەسەد لە ئەنبار، لەسەر ئەو بابەتە.

 

"ئەمریكییەكان پڕچەككردن و پارەداركردنی ئەو هێزە دەگرنە ئەستۆ بە ئاگاداری حكومەتی عیراق، دروست كردنی ئەم هێزەش دژ بە هیچ لایەنێك نییە بەڵكو بۆ پاراستنی ناوچە سونییەکانە" بە وتەی وتەبێژی خێڵە عەرەبە سونییەكانی عیراق.

 

خێڵە سونییەکان دروستکردنی ئەو هێزە بە پێویست دەزانن بۆ پاراستنی ناوچە سونییە هاوسنورەکانی سوریا لە ترسی ئەوەی چەکدارانی داعش دزەنەکەنە ناوچەکانیانەوە، "بەم دواییانەش لە سنوری پارێزگای نەینەوا و سوریا چەند گروپێکی چەکدار دروستبوون، کە کاری ڕوتانەوەی هاوڵاتیان دەکەن".