ناس کورد-
لەدوای دانانی برای بەرپرسێکی باڵای کورد وەک ڕاوێژکاری ئابوریی پەرلەمانی عێراق، ڕاوێژکارێکی ئابوریی لە پشکی گۆڕان لە ئەرکەکەی لادرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی نوسراوێکی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نەوزاد ئەحمەد جەرجیس، ڕاویژکاری ئابوریی پەرلەمانی عێراق (لە پشکی گۆڕان) لە ئەرکەکەی لادرا.
لادانی ئەو ڕاوێژکارە ئابورییەی پەرلەمان لەکاتێکدایە، بەپێی نوسراوێکی دیکە کە واژۆى محەمەد حەلبوسى لەسەرە، بڕیاردراوە لەسەر دانانى ئارام سەباح عوسمان بۆ پۆستى راوێژکارى ئابورى پەرلەمان بە پلەى باڵاى تایبەت.
ئارام سەباح خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە یاسا و براى بەرپرسێکى باڵاى حکومەتى هەرێمە.
دیاریکردنى ئەو کەسە بۆ ئەو پۆستە بە پلەى تایبەت کە هاوتاى بریکارى وەزیرە کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە.
حەبیب عادل پارێزەر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، بەپێی یاسا مامۆستایەکى زانکۆ پێویستە توێژینەوە بنوسێت و چوار ساڵ چاوەڕوان بکات تا پلەى بەرزدەکرێتەوە، هەروەها ئەفسەر و هەر مامۆستایەک بەهەمان شێوە دەبێت چوار ساڵ چاوەڕوان بکەن تا پلەیان بەرزدەکرێتەوە، بەڵام بەدەر لەوانە کەسێک لەدەرەوەى پسپۆڕییەکەى خۆى بەئاسانى بەپلەى تایبەت دادەنرێت.