ناس کورد-
ئارام سەباح عوسمان براى بەرپرسە باڵاکەى حکومەتى هەرێم رونکردنەوە دەدات لەسەر دیاریکردنى وەک راوێژکارى ئابورى پەرلەمانى عێراق، دواى ئەو کاردانەوانەى لەبارەى دانانى لەو پۆستە دروستبوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئارام سەباح لە بڵاوکراوەیەکدا (22-4-2022) ئاماژەى بەوەکرد، ئەو خاوەنى بڕوانامەى ماستەرە و لەئێستادا خوێندکارى دکتۆرایە، لە ١٦ / ١٠ /٢٠٠٤ لە کۆمسیۆن دامەزراوە و نزیکەى ١٤ ساڵ خزمەتى هەیە.
دەشڵێت سەرەتاى کارى وەزیفى فەرمانبەر بووە دواتر بەرپرسى یەکەى مەشق و پەیوەندییە جەماوەرییەکان بووە، دواتر بووەتە یاریدەدەرى بەڕێوبەرى گشتى دەستەى باڵاى هەڵبژاردن و بەڕێوەبەرى گشتى ئۆفیسى هەولێر، پاشان بووەتە بەرێوەبەرى گشتى لەئەنجومەنى راژەى فیدراڵى.
بەپێی نوسراوێک کە واژۆى محەمەد حەلبوسى لەسەرە، بڕیاردراوە لەسەر دانانى ئارام سەباح عوسمان خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە یاسا بۆ پۆستى راوێژکارى ئابورى پەرلەمان بە پلەى باڵاى تایبەت.
ئارام سەباح براى بەرپرسێکى باڵاى حکومەتى هەرێمە کە ئەندامى شاندى هەرێم بوو بۆ بەغدا.
دیاریکردنى ئەو کەسە بۆ ئەو پۆستە بە پلەى تایبەت کە هاوتاى بریکارى وەزیرە کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە.
حەبیب عادل پارێزەر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، بەپێی یاسا مامۆستایەکى زانکۆ پێویستە توێژینەوە بنوسێت و چوار ساڵ چاوەڕوان بکات تا پلەى بەرزدەکرێتەوە، هەروەها ئەفسەر و هەر مامۆستایەک بەهەمان شێوە دەبێت چوار ساڵ چاوەڕوان بکەن تا پلەیان بەرزدەکرێتەوە، بەڵام بەدەر لەوانە کەسێک لەدەرەوەى پسپۆڕییەکەى خۆى بەئاسانى بەپلەى تایبەت دادەنرێت.
هەروەها کاوێز مەلا پەروێز بەرپرسى پێشووى راگەیاندنى پارتى لەکەرکوک لەبڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، " کەرکووکییە پارتیەکان بە تەما بوون ئەو شاندانە دۆخی کەرکووکیان بۆ ئاسایی بکەنەوە تا بە سەربەرزی بگەرێنەوە شارەکەیان، تومەز شاندەکان خەریکی دامەزراندنی براکانیانن بە پلەی بەرزی راوێژکاری!".