گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

حکومەتى هەرێم: ڕۆژنامەگەرى کوردى پێویستى بە یاساى دیکە هەیە

2022.04.22 - 14:45
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم: ڕۆژنامەگەرى کوردى پێویستى بە یاساى دیکە هەیە

ناس کورد-

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، رەوتى ڕۆژنامەگەرى کوردى پێویستى بە یاسا و ڕێساى نوێتر و کراوەتر هەیە، تا هەم ڕێگەنەدرێت بەرەو پاشاگەردانى ئاراستە بکرێت و لە لایەکى تریشەوە ماف و بەرپرسیاریەتییەکانى دیارى بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جوتیار عادل  (22-4-2022) لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، میدیای ئەلکترۆنی کە پشکى شێرى لە ڕۆژنامەگەریى کوردى بەرکەوتووە، بەدەر لەوە فراوانبوون و خێراتربوونى پانتایی گەیاندنى هەواڵ و زانیارى، لە بەرامبەریشدا جۆرێک لە پشێوى تێدا دروست بووە .



دەقى راگەیەنراوەکە:

 

٢٢ى نیسانى ئەمساڵ، ١٢٤ ساڵەى دەرچوونى یەکەم ڕۆژنامەى کوردییە بە ناوى "کوردستان" کە لە لایەن میقدات مەدحەت بەدرخانەوە دەردەکرا و ئێستا ئەو ڕۆژە وەک ساڵڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى لە هەرێمى کوردستان دەناسرێت.

 

لە چەند ساڵى ڕابردوو ئاڵوگۆڕى گەورە لە بوارى ڕۆژنامەگەرى دروست بووە و کارى پیشەییانەى ڕۆژنامەنووسان و هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیان و ڕەخنەگرتن و بوونى تێبینى لەسەر پڕۆژە و کار و پلانەکانى حکومەت و دەسەڵات، جێگەى تێڕامان و جێگەى دڵخۆشییە، چونکە هەوڵى ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانە بنەمایە بۆ پێشخستن و بەدیموکراسیکردنى دەسەڵات.

 

هەرچەندە بەداخەوە ئاراستەگەلێکى سیاسى لە نێو ڕۆژنامەگەرى کوردیش هەن هەڕەشە لەسەر پیشەییبوونى کاری رۆژنامەگەری و رەوتی دیموکراسی دەکات، بۆیە پێویست دەکات بەرژەوەندی وڵات لە پێش هەر بەرژەوەندییەکی دیکەدا بێت.

 

لەلایەکی ترەوە، رەوتى ڕۆژنامەگەرى کوردى پێویستى بە یاسا و ڕێساى نوێتر و کراوەتر هەیە تا هەم ڕێگەنەدرێت بەرەو پاشاگەردانى ئاراستە بکرێت و لە لایەکى تریشەوە ماف و بەرپرسیاریەتییەکانى دیارى بکرێت بۆ فراوانترکردنى ئازادیی ڕادەربڕین و نەهێشتنى پێشێلکاری.

 

میدیای ئەلکترۆنی کە پشکى شێرى لە ڕۆژنامەگەریى کوردى بەرکەوتووە، بەدەر لەوە فراوانبوون و خێراتربوونى پانتایی گەیاندنى هەواڵ و زانیارى، لە بەرامبەریشدا جۆرێک لە پشێوى تێدا دروست بووە و زۆر کەس بێ گوێدانە بە ڕەهەندە نیشتمانى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیری و ئەمنییەکانى هاوڵاتییان و کۆمەڵگە دەستیان داوەتە ئەو کارە و لە ماوەى ڕابردوو کێشەساز بوونە، بۆیە فەرمانگەى میدیا و زانیارى بە هاوکارى لایەنی حکومی و ناحکومی لە هەرێمى کوردستان، کارى لەسەر "ڕێنمایی کارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان" کردووە لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕێکخستنى بوارى میدیای بینراو و بیستراو.

 

هیوادارین هەموومان بەرپرسیارانە و دوور لە هەر جۆرە مەبەستێکى نەخوازراوى نەرێنى، درێژە بەو خەباتەى ڕۆژنامەگەریى کوردى بدەین و هەوڵەکانمان لە خزمەت نیشتمان و دۆزى ڕەواى کورد بخەینە گەڕ و کار لەسەر هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و پێدانى داتا و زانیارى دروست بکەین.

پیرۆز بێت ساڵیادى ڕۆژنامەگەریی کوردى.

د. جوتیار عادل

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان