ناس کورد-
مەسرور بارزانى و بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەکۆبوونەوەى نێوانیاندا چەند پرسێکیان تاوتوێکرد، لەناویاندا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم 19 ی نیسانی 2022 لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد.
دەقى راگەیەنراوەکە:
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی نیسانی 2022 لە لەندەن لەگەڵ بەڕێز
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووینەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دا و باسی لە سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی یەکێک بوو لە سەردانەکانم کە هەرگیز لە بیر ناکرێت و هیوادارم دەرفەتی ئەوەم هەبێت جارێکی دیکە سەردانی هەولێر بکەمەوە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە . هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی.
سەرۆک وەزیران بەڕێز بۆریس جۆنسن هەروەها ستایشی هەماهەنگیی و ڕۆڵی ئەرێنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران .
لە کۆبوونەوەکەدا، سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەریتانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن لە هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان کرد و هیوامان خواست کە وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بسەنێت، لەم ڕووەشەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر ئاسانکارییەکی پێویست، پێشکەشی وەبەرهێنەران بکات.