گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارێزگاری سلێمانی بێ ئاگایە لە دۆسییەکە

30 دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی تایبەت دراوە بە سەرمایەدارێکی نزیک لە یەکێتی

2019.07.24 - 21:17
App store icon Play store icon Play store icon
30 دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی تایبەت دراوە بە سەرمایەدارێکی نزیک لە یەکێتی

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز کەسێکی دەستڕۆیشتووی شاری سلێمانی لەسەر زەوییەکی 30 دۆنمی، بەناوی وەبەرهێنانەوە بەشێوەیەکی "نایاسایی" سەرقاڵی دروستکردنی پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلە، هەرچەندە داواکاری گشتی بڕیاری ڕاگرتنی داوە بەڵام پڕۆژەکە بەردەوامە. . لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی بازرگانی تایبەتە، بەڵام زەوییەکە موڵکی گشتییە و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەو کەسەی پڕۆژەکە ئەنجام دەدات داگیری کردووە، بەوتەی سەرۆکی شارەوانی سلێمانیش هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەو زەوییە بۆ وەبەرهێنان درابێت بەو کەسە. . لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامێکی ئەنجومەنی سلێمانی دەچێتەسەر پڕۆژەکە و لەوکاتەدا دەبینێت چەند چەکدارێک لەوێن و چەندین داری زەیتونیان بڕیوەتەوە، لە ئەنجامدا چەکدارەکان هێرش دەکەنەسەر ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا و دواتر سکاڵاش لە دژی تۆمار دەکەن. . محەمەد شێخ وەهاب، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئاگاداربووم لەوەی کۆمپانیایەک پڕۆژەیەکی نایاسایی لە شاری سلێمانی بەرامبەر هێزەکانی 70 ئەنجامدەدات و شەوی 21ی ئەم مانگە چوومە نزیک پڕۆژەکە بۆ بەدوداداچوون، کاتێک نزیکبوومەوە بینیم چەند کەسێک لەوێن و چەندین داری زەیتوونیان بڕیوەتەوە و شکاندووە، بۆ کارکردن لە پڕۆژەکەدا، داوام لێکردن کارەکانیان ڕابگرن، بەڵام ئەوان ویستیان هێرشبکەنە سەرم". . وتیشی، دواتر پەرلەمانی کوردستانی لەوە ئاگادارکردووەتەوە لەوێشەوە، ئەنجومەنی دادوەری ئاگادارکراوەتەوە، چونکە ناکرێت زەوییەکی موڵکی گشتی کە نزیکی فڕۆکەخانەی سلێمانییە بدرێت بە کەسێک بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی بازرگانی تایبەت. . ئەو ئەندامەی لیژنەی شارەوانییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕینەوەی ئەو دارانە و تێکدانی سەوزاییش بە هەموو شێوەیەک پێچەوانەی یاسایە و ئەوان باخێکیان کردووە بە بیابان. . ناس کورد زانیویەتی ئەو کەسە ناوی (و، ڕ)ەو خاوەنی کۆمپانیا و سەرمایەدارێکی ناسراوی شاری سلێمانییە و کەسێکی نزیکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە. . ئەگەرچی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئەرکی شارەوانی دەزانێت پڕۆژەکە ڕابگرێت، بەڵام شارەوانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات ئەوان هێزییان نییە و وەک پێویست ناتوانن ڕێگری بکەن. . توانا کەمال، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە پێشتر ڕەزامەندی دەستەی وەبەرهێنانی بۆ وەرگیراوە و ڕووبەڕی زەوییەکەش 30 دۆنمە، ساڵی 2018ش ڕەزامەندی شارەوانی هەبووە، بەڵام داوامان کردووە نوسراوێكی فەرمی بێنن کە ئەو زەوییەیان پێدرابێت و تائێستا هیچیان نەهێناوە، بۆیە پڕۆژەکەمان ڕاگرت." . پێچەوانەی سەرۆکی شارەوانی، محەمەد شێخ وەهاب ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوەی جێگای سەرنجە دوای ئاشكراکردنی دۆسییەکە و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام هێشتا کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و نەوەستاوە. . لەوبارەیەوە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی باسی لەوەکرد: "ئێمە سێ جار ئاگادارمان کردووتەنەوە کە پڕۆژەکە ڕابگرن، بەڵام کاتێک دەڕۆین، دەستدەکەنەوە بە کارکردن، ئێمەش هێزمان نییە تا وەک پێویست بتوانین ئەو پڕۆژانە ڕابگرین". . هەر لەوبارەیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بێ ئاگایی خۆی لە بابەتەکە نیشاندا و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "تائێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە لە کەیسێکی لەو جۆرە". . پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، هەرکات نوسراویان پێگەیشت لە کارێکی نایاسایی لەو شێوەیە هەیە، ئەوکات بەدواداچوون دەکەن، تا بزانن کارەکە لە دەستەی وەبەرهێنان بووە یاخود شارەوانییەوە کراوە و پڕۆژەکەش دەوەستێنن. . هاوکات ڕەمەزان نامیق کە ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە و بەدواداچوونی بۆ دۆسییەکە کردووە بۆ ناس کوردی ڕوونیکردەوەیی، هیچ فەرمانگەیەکی حکومی جورئەتی ئەوەی نییە خۆی بکات بە خاوەنی دۆسیەکە و پڕۆژەکە بوەستێنێت. . ئاماژەی بەوەشكرد: " ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات چەند ساڵێکی تر مافیاکانی شار شۆڕش دەکەن و گەورەیی خۆیان دەسەلمێنن بەسەر دام ودەزگاکانی حکومەت،با هاوڵاتی هەژاریش هەر دەست بەکڵاوی خۆیەوە بگرێت."