ناس کورد-
بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زۆر کەم دەبێت بەھۆی کەمی بارانبارین، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆش ناچارین پشت بە گەنمی ھاوردە ببەستین، چونکە بەرھەمی ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو کەمتر نەبێت زیاتر نابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێژین سدقی، بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە میدیای فەرمی پارتی (19ی نیسانی 2022) ڕاگەیاند، "ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زۆر خراپە و ئەگەری ھەیە ڕێژەی ھەرە زۆری بەرھەمەکان نەدوورێتەوە بەھۆی کەمی بارانبارین، لە ئەنجامدا زەویەکی زۆر لەناو دەچێت و بەرھەمی نابێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری گەنم لە ھەرێمی کوردستان چێندراوە، کە نزیکەی 2 ملیۆن و 500 ھەزار دۆنمە کە کەمتر لە ملیۆنێک چاوەڕێ دەکرێت بەرھەمی ھەبێت و ئەوەی دیکە بێ بەرھەم دەبێت، چونکە بێ بارانی کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ".
ڕێژین سدقی وتیشی، "ئەوەی بدورێتەوەش بەرھەمی کەم دەبێت، بۆیە ئەمساڵ زیانی زۆر بە جوتیاران دەکەوێت و چارەسەریشی قورسە، چونکە بەرھەم زۆر کەم دەبێت، بۆیە ناچارین پشت بە ھاوردە ببەستین، چونکە ساڵی ڕابردوو بەرھەم کەم بوو ئەمساڵیش کەمتریش نەبێت زیاتر نابێت".
سدقی باسی لەوەشکرد، "ساڵی ڕابردوو 126 ھەزار تەنمان ڕادەستی سایلۆکان کرد و بەرھەم زۆر کەمبوو، کە نزیکەی 250 ھەزار تەن بوو، بۆیە ئەمساڵیش ڕادەستی سایلۆ دەکرێت بەس ڕێژەکە کەم دەبێت".