ناس کورد-
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "بە توندی ئۆپراسیۆنی تورکیا لە باکوری وڵات (هەرێمی کوردستان) ڕەتدەکەینەوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (18ی نیسانی 2022) دەڵێت، حکومەت ئەو ئۆپراسیۆنەی تورکیا بە دەستدرێژیکردن بۆسەر "سەروەری وڵات" دەزانێت.
دەشڵێت، ئۆپراسیۆنەکە "پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێی باشە" و ڕاشیگەیاند، "حکومەتی عێراق جەختیکردەوە خاکی عێراقی نابێتە بارەگا و ڕێڕەوی زیانگەیاندن و ئازاردانی هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ."
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی عێراق نابێتە گۆڕەپانی ناکۆکییەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی لایەنە دەرەکییەکان.
ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڤیدیۆی هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی رابردووی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش دەڵێت، ئامانجەکانیان پێکاوە.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی بارەگای فەرماندەیی ھێزەکانی ئاسمانیی وڵاتەکەی کرد، ئەوەش بۆ ئاگاداربوون لەو هێرشانەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
لە میانەی سەردانەکەدا، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، "بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەلەکەمان و ھێزە ئەمنییەکانمان، هەرەوەها پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان، سوپای تورکیا لەم شەوە بەدواوە ئۆپەراسیۆنی کلیل چنگ-ی بۆسەر چەکدارانی پەکەکە لە باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) دەستپێکردووە."
زیاتر بخوێنەرەوە: وەزیری بەرگریی تورکیا باس لە ’’هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان’’ دەکات
لەلایەکی دیکەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە (دووشەممە 18-4-2022) ڕایگەیاند، "سوپای داگیرکەری تورک شەوی ڕابردوو بە فڕۆکە و هێلکۆپتەری جەنگیی بە چڕیی ناوچەکەی بۆردوومان کردووە و هەوڵیداوە سەربازەکانی لە ئەشکەوتی برینداران لە ناوچەی زاپ دابەزێنێت، بەڵام لەلایەن گەریلاوە ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلا بووەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا، لە ناوچەی زاپ هەشت سەربازی سوپای داگیرکەر کوژراون."