گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆ؛ سوپای عێراقیش هێرشی کردە سەر پەکەکە

2022.04.18 - 19:15
App store icon Play store icon Play store icon
ڤیدیۆ؛ سوپای عێراقیش هێرشی کردە سەر پەکەکە

ناس کورد-

هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنی نوێی سوپای تورکیا بۆسەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای عێراقیش هێرشی کردە سەر خاڵی کۆنتڕۆڵی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) لە گوندی دگورێی سنونێی شەنگال. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

میدیای فەرمیی پەکەکە ڤیدیۆی شەڕ و پێکدادانەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، "ئاسایشی یەبەشە بە توندی وڵامی دایەوە و شەڕ و پێکدادان ڕوویدا."

 

دەشڵێت، سوپای عێراق لە شەنگال لە کۆمەڵگەی دیگۆری سەر بە شارەدێی سنون گەمارۆی بازگەی هێزەکانی ئاسایشی ئێزدخانیاندا و داوایان لێکردن ئەو بازگەیە ڕادەستی هێزەکانی سوپای عێراق بکەن.

 

جەختیکردووەتەوە کە "ئاسایشی ئێزدخان ئەو داسەپاندنەی قبوڵ نەکرد و بەهۆیەوە ئاڵۆزی دروست بوو، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی، سوپای عێراق لە گەمارۆدان نەوەستا و بە چەک هێرشی کردە سەر خاڵی پشکنینی ئاسایشی ئێزدخان."

 

لەئەنجامی ئەو هێرشەی سوپای عێراق شەڕوپێکدادان دروستبووەوە نزیکەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوو لە ئێستادا شەڕ وەستاوە و بەڵام دۆخەکە هەر ئاڵۆزە.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڤیدیۆی هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی رابردووی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش دەڵێت، ئامانجەکانیان پێکاوە.   

 

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی بارەگای فەرماندەیی ھێزەکانی ئاسمانیی وڵاتەکەی کرد، ئەوەش بۆ ئاگاداربوون لەو هێرشانەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.     

  

لە میانەی سەردانەکەدا، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، "بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەلەکەمان و ھێزە ئەمنییەکانمان، هەرەوەها پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان، سوپای تورکیا لەم شەوە بەدواوە ئۆپەراسیۆنی کلیل چنگ-ی بۆسەر چەکدارانی پەکەکە لە باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) دەستپێکردووە."     

  

زیاتر بخوێنەرەوە: وەزیری بەرگریی تورکیا باس لە ’’هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان’’ دەکات  

  

لەلایەکی دیکەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە (دووشەممە 18-4-2022) ڕایگەیاند، "سوپای داگیرکەری تورک شەوی ڕابردوو بە فڕۆکە و هێلکۆپتەری جەنگیی بە چڕیی ناوچەکەی بۆردوومان کردووە و هەوڵیداوە سەربازەکانی لە ئەشکەوتی برینداران لە ناوچەی زاپ دابەزێنێت، بەڵام لەلایەن گەریلاوە ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلا بووەتەوە."     

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا، لە ناوچەی زاپ هەشت سەربازی سوپای داگیرکەر کوژراون."