ناس کورد-
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکی وەزیرانی عێراق چوار ڕێکاری بۆ چارەسەرکردنی هەژاری و بێکاری خستەڕوو و جەختیکردەوە کە "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زۆربوونی پارەی نەختینەیی، بەشێکی زۆر لە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان چارەسەر دەکات."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەزهر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراقییە (18ی نیسانی 2022) ئاشکرای کرد، "زۆربوونی پارەی بەدەستهاتوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گەشەکردنی، چارەسەری ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییانە دەکات کە قەیرانی ئێستا ئابوری و کاریگەرییەکانی هەلئاوسان لەسەر کۆمەڵگە دروستی کردوون."
وتیشی، "بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر کاریگەری کردووەتەسەر ئەو کەسانەی داهاتیان سنوردارە و 80%ی داهاتەکەیان بۆ ئەوە تەرخان دەکەن، ئەوەش بووەتەهۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە وڵات."
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕوونیشیکردەوە کە "دەکرێت لەڕێگەی چوار ڕێکارەوە ڕێژەی هەژاری و بێکاری کەمبکرێتەوە کە خۆی لە دابینکردنی چاودێریی کۆمەڵایەتی، پاڵپشتیکردنی کۆبۆنی بەشەخۆراک، پشتگیریکردنی نرخی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و دانەوێڵە، هەروەها بەگەرخستنی پڕۆژە گرنگەکان."
باسی لەوەشکرد کە "سیاسەتی دارایی کار دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵئاوسان".