ناس کورد-
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کۆمەڵێک دەستپێشخەری بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسیی لە عێراق هەن کە یەکێکیان دروستکردنی درزە لەنێو هاوپەیمانیی سێ قۆڵیی پارتی و سەدر و سوننەکان، دەشڵێت، لە ئەمڕۆوە گۆڕانکارییەکان دەبینرێن، پاش ئەوەی لەچەند ڕۆژی رابردوودا لە تونێلە تاریکەکاندا بوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی دوو خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا (دووشەممە 18-4-2022) ڕایگەیاند، "ماوەی چەند ڕۆژێکە بە شاندێک لە بەغداین و کۆمەڵێک دیداری تایبەت و گشتیمان ئەنجام داوە لەگەڵ زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراق و زۆرێک لەبابەتی کۆبوونەوەکان پێکهێنانی حکومەت و چۆنیەتی شکاندنی ئەو چەقبەستە سیاسییە بوو کە لەئێستادا لەپرۆسەی سیاسیدا هەیە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وا دەردەکەوێت کۆمەڵێک دەستپێشخەری دەبێت لەم ڕووەوە بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستوییە، هەندێک لەو هەوڵانە بەدروست کردنی درز لە نێو جەستەی هاوپەیمانی سێقۆڵیدا هاتونەتە ئاراوە و هەوڵی تریش هەیە کە لەئەنجامی لێکگەشتنی هەردوو فراکسیۆنی سەدریەکان و بەرەی هەماهەنگیەوە هاتونەتە ئاراوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەبڕوای ئێمە هەرهەوڵێک لەئەنجامی دروست کردنی درز لەنێو جەستەی هاوپەیمانی سێ قۆڵیدا بێتە ئاراوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و پێکهاتەی کوردی زیانی گەورەی بەردەکەوێت، خۆ ئەگەر هەوڵەکانی نزیکبوونەوەی بەرەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ببێتە ڕێگە چارە، ڕەنگە بۆ هەمووان باشتر بێت."
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، " لەئەمڕۆوە گۆڕانکارییەکان و هەوڵەکان ڕوناکی دەبینن، پاش ئەوەی لەچەند ڕۆژی رابردوودا لە تونێلە تاریکەکاندا بوو."