گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەپێی یاسا پڕۆژەکەی خولی پێشوو بە هەڵوەشاوە دادەنرێت

کابینەکەی مەسرور پڕۆژە یاسای چاکسازی مووچە ڕەوانەی پەرلەمان دەکاتەوە؟

2019.07.24 - 16:45
App store icon Play store icon Play store icon
کابینەکەی مەسرور پڕۆژە یاسای چاکسازی مووچە ڕەوانەی پەرلەمان دەکاتەوە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی موچە و خانەنشینی پلەباڵاکن لەم خولەدا پەسەند بکرێت، بەپێی پڕۆژە یاساکەش بەشێک لە موچەخۆران موچەکەیان کەمدەکرێتەوە و بەشێكیان زیاد دەکرێت.   هەرچەند بەشێک لە لایەنەکان لە ڕابردوودا پارتی و یەکێتییان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ڕێگرن لە بەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکەدا، بەڵام بە وتەی خۆیان لەم خولەدا ئەوانیش دەیانەوێت پڕۆژەکە پەسەند بکرێت و هەوڵدەدرێت لەدوای پشووی پەرلەمانەوە کاری لەسەر بکرێت.    

پڕۆژە یاساکە لە دەستی مەسرور بارزانیدایە

لەکاتی سوێندخواردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و خوێندنەوەی کارنامەی کابینەکەی، ڕایگەیاند، یەکێک لەو پڕۆژانەی کە لەم کابینەیەدا بە گرنگییەوە کاری لەسەر دەکەن و زیندووی دەکەنەوە، پڕۆژە یاسای چاکسازی موچەیە. لەوبارەوە جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بەپێی یاسا هەر پڕۆژە یاسایەک لە خولێکدا پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت و پەسەند ناکرێت، لە خولی دواتردا کاری پێناکرێت، بۆیە پێویستە دووبارە حکومەت لەم خولەدا پڕۆژەکە پێشکەشی پەرلەمان بکاتەوە.   بەوپێیە بێت پێویستە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت پڕۆژە یاساکە وەک خۆی یاخود بە گۆڕانکارییەوە ڕەوانەی پەرلەمان بکاتەوە.      

زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان لەم خولەدا پڕۆژەکە پەسەند بکرێت

  هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی پێشوودا، پارتی و یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ڕێگرن لەبەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەکەدا، بەڵام لەم خولەدا پێیوایە سەرجەم لایەنەکان بە پارتی و یەکێتیشەوە دەیانەوێت پڕۆژەکە پەسەند بکرێت.   جەلال محەمە، کە ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانە ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە لەئێستادا زۆرینەی لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دەیانەوێت پڕۆژەی چاکسازی موچە پەسەند بکرێت و خەرجییەکانی حکومەت کەمبکرێنەوە."   هاوکات وەیسی سەعید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کورد جەختیکردەوە، فراکسیۆنەکەیان هەموو هەوڵێک دەدات لەم خولەدا پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت و دادپەروەری لە دابەشکردنی موچەدا بێتە ئاراوە.   باسی لەوەشکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات لەم چوار ساڵەدا هەر کارێک کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت بیکات و ئەو پڕۆژەیەش یەکێکە لەو پڕۆژانەی کاری جددی لەسەر دەکەن.      

بەناوی چاکسازییەوە دەرماڵە دەبڕدرێت و موچەی فەرمانبەران کەمدەکرێتەوە؟

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان کە لە خولی ڕابردووشدا پەرلەمانتار بووە و ئاگاداری پڕۆژەیاساکەیە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە خولی پێشوودا بە دوو هۆکار پڕۆژەکە پەسەند نەکرا، یەکێک لەوانە قەیرانی دارایی بوو، یەکێکی دیکە ئەوەبوو حکومەت دەیویست دەرماڵەی فەرمانبەران کەمبکاتەوە، کە دەرماڵەکانیان لە موچەکانیان زیاترە، بەڵام ئێمە ئەوەمان ڕەتکردەوە".   ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی، ڕازی نەبوون بە ناوی چاکسازی موچەوە لەڕێگەی دەرماڵەکانیانەوە بە یاسایی موچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە ، بەڵکو پێویستە حکومەت خۆی ئەو دەرماڵە زۆرانەی بە نایاسایی بۆ بەرپرسانیان کردووە هەڵبوەشێنێتەوە.     بەڵام وەیسی سەعید، پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕەتیکردەوە، لەڕێگەی پڕۆژەکەوە دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕدرێت و موچەیان کەمبکرێتەوە، دەڵێت: هەرشتێک لە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان بێت هەوڵدەدەن ئەوە جێبەجێبکەن.   جگەلەوە  جەلال محەمەد لە فراکسیۆنی گۆڕان، وتی: بەهیچ شێوەیەک لە پڕۆژەکەدا موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی کەمناکرێتەوە، بەڵکو هەندیک موچە زیاد دەکرێت بە تایبەتی خانەنشینی، بە نمونە خانەنشینێکی پێشمەرگە یاخود پۆلیس کە موچەکەی کەمترە لە 300 هەزار، بەپێی ئەو پڕۆژەیە کەمترین موچەیان زیاتر دەبێت لە 600 هەزار دینار.  

ئەگەر پڕۆژەکە جیبەجێبکرێت چەند داهات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە؟

بەپێی وتەیەکی پێشووی عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، پڕۆژەکە بڕینی موچەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە "بندیوارن" یاخود دوو موچە وەدەگرن، یاخود وەزیر نەبوون و بە پلەی وەزیر خانەنشین کراون، یاخود  بە هەر پلەیەک کە تێیدا نەبوون خانەشین کراون. عیزەت سابیر ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت، زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.