ناس کورد-
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان وتی، پرۆسەی چاکسازی لە پلە باڵاکان بەردەوامە و کاری زۆر باش کراوە و ئەوەی کە بە ڕەسمی پلە باڵا نەبووە پلەکەی لێ وەرگیراوەتەوە، جا ھەر پلەیەک بێت لە وەزیر تا دەگاتە بەرێوەبەری گشتی، چونکە ھەیە بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە یەک ڕۆژیش وەزیر نەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەعید ھەرکی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی (16ی نیسانی 2022) وتی، "پرۆسەی چاکسازی لە پلە باڵاکان بەردەوامی ھەیە و پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیان دەکرێت، ھەندێک دۆسیەکانیان تەواو نیە و ھەشە ئەو پلەی وەریگرتووە شایستە نەبووە و ھەیە پلەی باڵای ھەبووە و ئەو پلەی ھەر وەرنەگرتووە و بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "39 وەزیر خانەنشین و گرفتیان نییە و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن و 150ش بهڵگه نامه سهرهتایهكانیان نییە، 67 بریکاری وەزیریش کێشەیان نییە و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن و 81 لەوانە دۆسیەکانیان تەواو نییە، 177 راوێژکار دۆسیەکانیان تەواون و 154 کەسیش خانەنشین کراون ئەو پلەیان نییە، 309 بەرێوەبەری گشتی کە خانەنشین کراون کێشەیان نییە و 447 کەسیش دۆسیەکانیان تەواو نییە، ھاوکات زیاتر لە 500 ئەندام پەرلەمانمان ھەیە ئەوان ئەو کێشەیان نیە، چونکە ئەندام پەرلەمان بووە گەرنا خانەنشین نابێت و تەنھا ھەندێکیان گرفتیان لە شێوازی خانەنشینیان ھەیە ئەویش چارەسەر دەکرێت".
ھەرکی باسی لەوەشکرد: "لە ئێستادا حکوومەت لە گفتووگۆ دایە لەگەڵ ئەوانەی کێشەیان ھەیە، بۆ ئەوەی ھەر کەسێک کێشەیان ھەیە و دەتوانن چارەسەریان بکەن حکوومەت دەرفەتیان پێداون، بەڵام ھەیە یەک ڕۆژ وەزیر نەبووە بە پلەی وەزیر خانەنشین بووە، ئەوانە کێشەکانیان چارەسەر نابێت، بەڵام ئەوانەی کە بتوانن فایل و دۆسیەکانیان تەواو بکەن ئەوە کێشەکانیان چارەسەر دەبێت و مووچەیان ھەموار دەکرێتەوە و بەپێی ئەو ھەموارە مووچە وەردەگرن"