ناس کورد-
شاندە باڵاکەى ئێران كە دوو رۆژ بەر لەئێستا لە هەولێر بوون، لەکۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بارزانییەكان و بەرپرسانى دیكەی پارتى دوو نیگەرانى ئەو وڵاتەیان گەیاندووە، هەردوولاش لەسەر دوو پرس گەیشتوونەتە لێكگەیشتن، ئەوەش بەوتەى دوو سەرچاوەى سیاسی ئاگادار بۆ "ناس کورد".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رۆژی 10ی نیسان شاندێکی ئێران بە سەرپەرشتیی حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبوونەوە، ئەوەش دواى ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانى تاران و هەولێر بەهۆى هێرشە موشەکییەکەى ئەم دواییەوە، شاندەكە جگە لە دانایی فەڕ ئەسەدی و مزگەرییان لەگەڵدا بووە كە دوو بەرپرسی ئەمنی ئێرانی نزیك بوون لە فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران قاسم سلێمانی.
دوو سەرچاوە سیاسییەكە (14-4-2022) ئەوەیان بۆ "ناس کورد" ئاشکراکرد، کۆبوونەوەکانى شاندى ئێران و سەرکردەکانى پارتى لەسەر دوو تەوەر بوون، تەوەرى ئەمنى و سیاسی.
ڕونیشیان کردەوە، شاندەکەى ئێران لە دیداری مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا بەگەرمی گلەیى ئەوەیان کردووە، "هەولێر بووەتە بنکەى چالاکییەکەى ئیسرائیل دژى بەرژەوەندییەکانى ئێران" لەم میانەیەشدا پێداگربوون لەسەر ئەوەی هێرشی سەر فرۆكەخانەی درۆنەكانی "ماهی دەشت" لە ماڵی شێخ بازەوە ئاراستە كراوە، هەروەها باسی ئەوەشیان كردووە هەولێر و هەرێم بەگشتى و پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانى ئێران چالاکییان هەیە کە سەرۆکى یەکێکیان نزیکە لە مەسعود بارزانییەوە و لەمیدیا و كۆڕو كۆبوونەوەكانی پارتیدا زۆر دەردەكەوێت و گرنگی پێ دەدرێت.
بەوتەى سەرچاوەکان، لە دیداری سەرۆكی حكومەتدا، هەندێك لە شاندەكەی پارتی وتویانە ئەوە پڕوپاگەندەى هەندێ سەرکردەى یەکێتییە كە ئیسرائیل لە هەولێر بێت و بەشێكە لەو كێبەركێ سیاسییەی لە نێوان هەردوو حیزبدا هەیە، هەروەها بەتوندی ئەم بانگەشەیان ڕەتكردووەتەوە و ئاماژەیان بە لیژنەكان و بەدواداچوونەكانی سەر ماڵە ڕووخاوەكەی شێخ باز داوە، بەڵام شاندە ئیرانییەکە وتویانە ئەو مەسەلەیە لەیەکێتى گەورەترە، ئەوان لەرێگەى سەرچاوەى خۆیانەوە زانیارییان هەیە و ئاگاداری ئەوەن، ئیسرائیلییەکان لەژێر ناوى وڵاتانى دیکەى بیانی و ئاژانس و ئۆرگانى مەدەنى و خێرخوازى لەهەولێر كاردەكەن.
ئێرانییەكان هۆشداری ئەوەشیان داوە ئەوانیش دەتوانن كۆمەكی گروپی دژە هەرێمی كوردستان بكەن لە پەرچەكرداردا، هەروەها ئاسان بووە بۆیان لە ڕێگەی باڵی چەكداری عێراقییەوە هێرش بكەنە سەر هەولێر، بەڵام ویستوویانە پەیامەكە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و زەق بە هەولێر و بە ئیسرائیلییەكانیش بگات، ئەمەش بە پێی بانگەشەكانی شاندە ئێرانییەكە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان لە دیداری مەسعەد بارزانیدا هەردوولا گلەییان لەیەك كردووە و مێژووی پەیوەندییەكانی هەردوولایان لەسەردەمی شۆڕشەوە هەڵداوەتەوە، دواتر هاتوونەتە سەر ئەوەی كۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی نێوان هەردوولا كارا بكەنەوە و بارزانی بێئاگایی خۆی لە وەستانی كارەكانی ئەو كۆمیتەیە دەربڕیوە. هەروەها بەرپرسانی پارتی باسی ئەوەیان كردووە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دۆست و هاونەتەوەی ئەوانن و ناتوانن دژیان بوەستنەوە، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ گفتی ئەوەیان داوە بەشێوەی فەرمی بەشداری چالاكی و دەركەوتنەكانیان نەبن.
دۆخى عێراق و جموجۆڵەکانى پارتى لەدواى هەڵبژاردنى پەرلەمانییەوە، تەوەرى دووەمى کۆبوونەوەکان بووە و ئێران نیگەرانى خۆى نیشانداوە لەوەى پارتى بووەتە بەشێک لە پەرتکردنى ماڵى شیعە و بەرژەوەندى ئێرانى خستووەتە مەترسییەوە کاتێک لەگەڵ سەدر و سوننەکان هاوپەیمانى سێ قۆڵیان پێکهێنا، شاندەکە داوایان لە پارتى کردووە هەڵوێستى ئەوە بێت کە سەدر هان بدەن لەگەڵ لایەنە شیعییەکانى تر رێكبکەون و لە پاش ئەوە پارتی هەر هاوپەیمانییەك ئەكات ئەوە ئێرانییەكان لارییان نییە، بەڵام لەم بوارەدا نەگەیشتوون بە ئەنجامی یەكلایی.
باڵیۆزی ماوە تەوابووی ئێران ئیرەج مەسجدی لە چەند دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا دوێنێ (13_4_2022) كە "ناس كورد" بینیونی جەختی لەوە كردەوە ئەوان نیگەرانی ئەمنییان هەیە لە هەرێمی كوردستان و لە هەولێرو ئەگەر ئەوە نیگەرانییانە لەبەرچاو نەگیرێن وەڵام و چارەسەری سەربازی هەر بە ئەگەر دەمێننەوە.
مەسجدی جەختی لەوەش كردەوە ئێران كورد بەدۆست و نزیكی خۆی دەزانێت و جگە لە پەیوەندی سیاسی و مێژویی لە ڕووی نەژادیشەوە نزیكن و ئەگەر نیگەرانی ئەمنی نەبوایە كار نەدەگەیشتە وەڵامی سەربازی و موشەكباران.
مەسجدی پێداگری لەسەر ئەوەش كرد "حكومەتی زۆرینە" بژاردەیەكی سەركەوتوو نییە لە عێراق و هێشتا ئەم وڵاتە دامەزراوەیی و دیموكراسی تەواو نییە بۆیە باشترە عێراقییەكان "حكومەتی سازان" دروست بكەن.
کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر رایگەیاندووە، رۆژی 10ی نیسان شاندێکی ئێران بە سەرپەرشتیی حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و "هەردوولایەن جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە."