گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانى داوایەک ئاڕاستەى بەغدا دەکات

2022.04.14 - 10:25
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانى داوایەک ئاڕاستەى بەغدا دەکات

ناس کورد-

 

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم داوا لەحکومەتى عێراق دەکات بەپێی دەستوور، ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییان و زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی ئەنفال جێبەجێ بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

مەسرور بارزانى لەپەیامێکدا بەبۆنەى ساڵیادى ئەنفالەوە وتى " پێویستە هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ زیاتر ناساندنی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال و شەرمەزارکردنی ئەنجامدەرەکانی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە".

 

دەقى پەیامەکە:



لە سی و چوارەمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفالدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیەی ڕژێمی بەعسی عێراق دەکەینەوە و بۆ هەمیشەش لە یادمانن.

ئەگەرچی بەشێک لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە و ئەو سیاسەتە نەژادپەرستانەیە، بە سزای خۆیان گەیشتن و لەناوچوون، بەڵام پێویستە هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ زیاتر ناساندنی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال و شەرمەزارکردنی ئەنجامدەرەکانی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە چ دژ بە گەلی کوردستان یان هەر گەلێکی دیکە لە جیهاندا. نابێت چیتر ئەم کۆمەڵکوژی و وێرانکارییە لە کوردستان، لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر بیانوویەک بێت دووبارە ببێتەوە.

 

لەم یادە خەمناکەدا، جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق، بەپێی دەستوور، ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و هەروەها قوربانییان و زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی ئەنفال و هەموو تاوانەکانی جەنگ و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کراون، جێبەجێ بکات.

ئاشکرایە بەهۆی ئەو تاوانانەوە، خەڵک و خاکی کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕکردن و تاڵانکاری و وێرانکردن و خاپوورکردن بوونەوە، بۆیە نابێت چیتر بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، فەرامۆش بکرێت.

حکومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دەزانێت و هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتريان بکات و بەپێی توانا، برینەکانیان ساڕێژ بکات.

 

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان