ناس کورد-
ئیرەج مەسجیدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق هۆشداری دا لەوەی "پێویستە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و مەترسییە ئەمنییەکانی ئێران بە هەند وەربگرن" و هەڕەشەی هێرشی بەهێزتر لە بۆردومانەکەی ئەمدواییەی هەولێر دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیرەج مەسجیدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی کوردسات کە "ناس کورد" بینیویەتی (13ی نیسانی 2022) لەبارەى دواین بۆردومانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەولێر ڕایگەیاند، "پێویستە بەرپرسانی هەرێم بە جدی مەترسییە ئەمنییەکانی ئێران بە هەند وەربگرن و نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ ئێران، ئێمە بە شێوەیەکی برایانە و دۆستانە پێمان ڕاگەیاندوون."
وتیشی، "ئەگەر بەرپرسانی هەرێم نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێمەیان بە جدی وەرگرتبا، ئەوە پێویستی بە هەڕەشەی سەربازی نەدەبوو، ئەوەش داوای بەردەوامی ئێمەیە وەک دراوسێیەکی باش."
مەسجیدی ئاماژەی بەوەشدا کە "زۆر بە ڕوونی دەیڵێم ئەگەر چارەسەری مەترسییە ئەمنییەکانی ئێمە نەکرێت، ئەوە ئێران وەڵامێکی توندی دەبێت، بۆیە پێویستە برایانمان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، چونکە ئێمە نامانەوێت هێرشە موشەکییەکان دووبارەبێتەوە."
لەبارەى ئەوەی ئایا هێرشە موشەکییەکەی ئەمدواییەی سوپای پاسدارانی ئێران پەیوەندی بە دۆسیەی غازی هەرێمەوە هەبووە یاخو نا، ئیرەج مەسجیدی وتی، "بۆردومانەکە پەیوەندی بە دۆسیەی غازەوە نەبووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵکو بۆردومانەکە پەیوەندی بە مەترسیی ئەمنییەوە هەبووە."