ناس کورد-
هەردوو وەزارەتى کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستی هەرێم کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە لەسەر پێداچونەوە بەرێکاری پشکنینی هاوبەش لە مەرزەکان و یاسا و رێنماییە هاوبەشەکانی نێوانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى کشتوکاڵ کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا هەروەها بڕیاردرا کۆبونەوەکان لە نێوان تیمی هەردوولا بەردەوام بێت،بۆ ئەم مەبەستە کۆبونەوەی تەکنیکی و هونەری ئەنجامبدرێت لە پێناو بەرەو پێشبردنی زیاتری کارە هاوبەشەکان و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان لە بەرووبومی خراپ و نا تەندروست کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
دەقى راگەیەنراوەکە:
پێداچونەوە بە یاساو رێنماییە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستی دەکرێت
ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٤/١٢ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەیاوەری شاندێکی باڵای وەزارەت سەردانی وەزارەتی تەندروستی کردو لەگەڵ بەڕێز د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی کۆبۆوە.
کۆبونەوەکە بۆ مەبەستی یەکخستن و پێداچونەوە بوو بەهەموو ئەوکارە هاوبەشانەی تایبەت بەپشکنینی بەرووبومە کشتوکاڵی و پەلەوەری و ئاژەڵداری و رووەکی و شیرەمەنیەکان لەنێوان هەردوو وەزارەتدا ، بەپێی یاساو ڕێنماییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا کە تیمێکی پسپۆڕ لە هەردوو وەزارەت ئامادەبوون بڕیاردرا کۆبونەوەکان لە نێوان تیمی هەردوولا بەردەوام بێت، بۆ ئەم مەبەستە کۆبونەوەی تەکنیکی و هونەری ئەنجامبدرێت لە پێناو بەرەو پێشبردنی زیاتری کارە هاوبەشەکان و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان لە بەرووبومی خراپ و نا تەندروست کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا بە ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان تیمی هونەری هەردوو وەزارەت، بۆ پێداچوونەوە بەرێکاری پشکنینی هاوبەش لە مەرزەکان و پێداچونەوە بە یاسا و رێنماییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت.