ناس کورد-
سکرتێرى پەرلەمانى کوردستان بەشێک لەلایەنەکانى تۆمەتبارکرد بەوەى پاشگەزبوونەتەوە لە سیستەمى کۆتا و دەڵێت، دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی رێژەی کورسی کۆتا رەتدەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مونا قەهوەچى (10-4-2022) لە راگەیەنراوێکدا وتى " لە ئێستادا ژمارەیەک لایەنی سیاسی پاشگەزبونەتەوە لە دیموکراسیەت و لە سیستەمی کوتا، چونکە هەرکاتێک ململانێی سیاسی نێوان لایەنەکان و یەکلاییکردنەوەی پرس و پێشهاتێکی سیاسی لە پەرلەمان، لێرە و لەوێ هێرشی نارەوا دەکرێتە سەر پێکهاتەکان".
دەقى راگەیەنراوەکە:
یاسای هەڵبژاردن و کۆتای پێکهاتەکان.
لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩، مافی دەنگدان و بەشداری و رێژەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەقنووس کراوە، نوێنەرانی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیەکی راستەقینەی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانە دەکەن، ئەمەش نموونەیەکی پێکەوە ژیان و هەرە بەرز و جوانی هەرێمی کوردستانە.
مەبەستی سەرەکی لە پێدان و دیاریکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان بۆ پاراستنی ماف و گوزارشتکردن لە ویستەکانیان و بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیان بوە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەیەک لایەنی سیاسی پاشگەزبونەتەوە لە دیموکراسیەت و لە سیستەمی کوتا، چونکە هەرکاتێک ململانێی سیاسی نێوان لایەنەکان و یەکلاییکردنەوەی پرس و پێشهاتێکی سیاسی لە پەرلەمان، لێرە و لەوێ هێرشی نارەوا دەکرێتە سەر پێکهاتەکان ئاماژەی بەهەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدرێت بەئامانجی کەم کردنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتە نەتەوەییەکان.
پێکهاتەکانی کوردستان هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە بەمەبەستی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی رێژەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەنەوە و هەوڵێکە بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و پێشێڵکردنی مافی پێکهاتەکانە.
پێکهاتە نەتەوەییەکانی کوردستان سیاسەت و بەرنامەی سیاسی و پەرلەمانیان لەسەر بەرژەوەندی و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیان بنیات ناوە و لەم چوارچێوەیەشدا هاوپەیمانی و کاری هاوبەشی پەرلەمانییان رێک خستوە لەم رووەوە بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهاتوە ئاراستەی کارکردنی پێکهاتەکان دیاری بکات و بەپێی بەرژەوەندییە شەخصی و حزبییەکانی خۆی بریار و لێدوان لەسەر پێکهاتەکان بدات، هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان و هەرگیز قەبوڵکراو نیە و لای پێکهاتەکان بەتەواوی رەتدەکرێتەوە.
١٠ی نیسانی ٢٠٢٢