ناس کورد-
سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەڕێوەبەری بانکی هەرێم پێی راگەیاندووە، پارەی پێویست ئامادەیە و سبەینێ مووچەی کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بەبێ گرفت دابەش دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی (شەممە 9-4-2022) بە "ناس کورد"ی ڕایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری گشتیی لقی سلێمانیی بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستان کرد و پێی وتم، پارە ئامادەیە و هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنی مووچەدا نییە، سبەینێ شەممە کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بەبێ گرفت مووچەکانیان وەردەگرن."
بڕیارە سبەینێ 10-4-2022 لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ بکرێت.
چەند مانگێکە بە پاساوی نەبوونی پارە، گرت بۆ دابەشکردنی مووچە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا تائێستا بەشێک لە مووچەخۆران مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە.