ناس کورد-
لەدوای بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، پەرلەمانتارێک دەڵێت، پارەی پێویست لەبەردەستە بۆ مووچە دەتوانرا تاوەکو جەژن دوو موچە دابەش بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-4-2022، وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بۆ مانگی سێ بڵاوکردەوە و بەگوێرەی خشتەکە تاوەکو 28-4 مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت، پاش چەند ڕۆژێک لەو بەروارەش جەژنی ڕەمەزان دەستپێدەکات، بەوەش حکومەت ئەوەی یەکلاکردەوە کە تاوەکو جەژن یەک مووچە دابەش دەکرێت.
لەوبارەیەوە لە بڵاوکراوەیەکدا عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "پارەی پێویست لەبەردەستە بۆموچە دەتواندرا تاوەکو جەژن دوو موچە بدرێت، درێژکردنەوەی دابەشکردنی موچە بۆ کۆتایی مانگ، ستەمکردنە لە موچۆخۆران و بێ باکیە لە ژیانی خەڵک."
بەگوێرەی بڕیاری پێشتری حکومەتی هەرێم، لە 25ی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرا، بەڵام ماوەی دوو مانگە دابەشکردنی مووچە زیاتر لە دوو هەفتە دوادەکەوێت.