گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

یەکێتی لەسەر ئەگەرى ’’شەڕى ناوخۆ’’ لەگەڵ پارتى هاتەدەنگ

2022.04.07 - 08:30
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی لەسەر ئەگەرى ’’شەڕى ناوخۆ’’ لەگەڵ پارتى هاتەدەنگ

ناس کورد-

 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، پێویست ناکات خەڵک لە هەڵگیرسانەوەى شەڕى ناوخۆ بترسێت بەهۆى ناکۆکییەکانیانەوە لەگەڵ پارتى و ئەوان رێگەنادەن جارێکى تر ناکۆکییەکان سەربکێشێت بۆ شەڕ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ستران عەبدوڵا بەدەنگى ئەمەریکاى وت "ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئاشتکردنەوەی خەڵک و متمانە دروست کردن لایان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، پێویستی بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە لەناوی مردووان".

 

وتیشى "بنەمای ڕێککەوتنی جیای یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی، تێپەڕاندنی ئەو مەسەلانەیە بە سازان و تەوافق کە ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە، یەکێتی و گۆڕان وەکو دوو هێزی سەرەکی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتوون، بۆیە پێویستە پێوەی پابەندبن."

 

ستران عەبدوڵا ڕوونیشیکردەوە، بە تۆماری ئێستای دەنگدەران و یەک بازنەیی هەڵبژاردن و تێپەڕینی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆن، ناتوانرێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت، کە جێی متمانەی خەڵک بێت.

 

 دەشڵێت "خۆ پارتی ئێستا 45 کورسی هەیە و هەموو شتێکی بەدەستە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی بچێتە پێشەوە، باڵانسی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئێمە نامانەوێت ئەم گۆڕانکاریە بەزۆر بێت، دەمانەوێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێت."

 

بەبڕوای مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی، ئیدارەدانی ناکۆکیە سیاسیەکانی هەرێم پێویستە، لەکاتێکدا هەندێک لایەن وانیشانی دەدەن، گوایە ناکۆکیەکان سەردەکێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ، بەڵام وەک ستران عەبدوڵا دەڵێت "یەکێتی ناهێڵێت جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە، نەک تەنها یەکێتی، تێکۆشەران و هەموو لایەنەکان قەبوڵ ناکەن ململانێی سیاسی سەربکێشێت بۆ شەڕ و ئاژاوە، بۆیە ئیدارەدانی سیاسی ناکۆکیەکان پێویستە."

 

جەختیشیکردەوە "پێویست ناکات خەڵک لە هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ بترسێ، دەبێت ڕێگە بەبیروڕای جیاواز بدرێت، دەبێت گەشەی دیموکراسی ببێتە ئەنجامی ناکۆکیە سیاسیەکان، کارێکی خراپە گەر ناکۆکیە سیاسیەکان چارەسەر نەکرێن، کارێکی باشیش نیە، ئەم ناکۆکیانە بۆ بەزۆر سەپاندنی ویستەکانمان و ئیفلیج کردنی پرۆسەی سیاسی بەکاربهێنین."