کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاند، ئەوان بەپێى یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکەن و پابەند دەبن بە ناردنی موچە. . لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەى بەوە کرد "یاسای بودجەی 2019ی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات، بەپێچەوانەوە بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێت، ئێمەش ئێستا ئەوە پەیڕەو دەکەین و پابەندین بە یاساکەوە". . سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، عادل عەبدولمەهدی روونیکردەوە "ئێمە هەموو بەشە بودجەیەکی هەرێم دەبڕین جگە لە موچە و قوتی هاوڵاتیان، چونکە موچە من فەرزم نەکردووە و هی کابینەی پێشووە، لە ئێستادا هەموو موچەکان لە چوارچێوەی حکومەتی فیدڕاڵدا خەرجدەکرێت و ئەوە شتێکی یاسایی و دامەزراوەییە، جێگای دڵخۆشییە بۆ هەرێمی کوردستان". . وتەکانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکاتێکدایە بەهۆی ڕادەستنەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە حکومەتی فیدڕاڵی کە لەیاسای بودجەی 2019ى عێراقدا ئاماژەى بۆ کراوە، هاوڵاتیانی هەرێم بەردەوام ترسیان لەوە هەیە بەغدا موچەی فەرمانبەران نەنێرێت و دووبارە موچەکانیان ببڕدرێت. .