ناس كورد-
سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق رەتیکردەوە بەرهەم ساڵح و موقتەدا سەدر بەتەلەفۆن پێکەوە قسەیان کردبێت لەبارەى پرسى سەرۆک کۆمارەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە سەرۆکایەتى کۆمار (31-3-2022) بە "ناس" ى راگەیاند، ئەوەى لە چەند دەزگایەکى راگەیاندن بڵاوکراوەتەوە لەبارەى پەیوەندى تەلەفۆنى نێوان سەدر و بەرهەم ساڵح لەبارەى کاندیدەکانى سەرۆک کۆمارەوە دوورە لە راستى یەوە.
بڵاوبوونەوەى ئەو دەنگۆیە هاوکاتە لەگەڵ شکستى هاوپەیمانى سێ قۆڵى بۆ جارى دووەم لەبەستنى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار تا ئەویش سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانى حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى رابسپێرێت کە هاوپەیمانێتییەکە جەختى لێدەکاتەوە.
پێشتریش رۆژنامەى عەرەبی چاپى لەندەن بڵاویکردەوە، مەسعود بارزانى لەرێگەى کەسێکى دیکەوە پەیوەندى بە بەرهەم ساڵحەوە کردووە و داوایکردووە بکشێتەوە لە کێبڕکێی سەرۆک کۆمار لەبەرانبەر کشانەوەى رێبەر ئەحمەد، بەڵام ئەو داواکەى رەتکردووەتەوە.
رۆژنامەکە (31-3-2022) لە زارى سەرچاوەیەکەوە گواستییەوە، بەرهەم ساڵح بەتەواوى ئەو داوایەى بارزانى رەتکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە کە سەردەمى تەوافوق کۆتایی هاتووە و پێویستى بارزانى درک بەوە بکات کە عێراق چووەتە قۆناغێکى نوێوە و پێویستى بە گۆڕانى ڕیشەیی هەیە و دوبارەبوونەوەى راپەڕینى عێراق ئەگەرێکى کراوەیە.