ناس کورد-
پەرلەمانتارانی بەرەی تورکمانی بایکۆتکردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان ڕاگەیاند کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەڵێن، "کاندیدی سەرۆککۆمار نوێنەرایەتی خواستەکانی پێکهاتەی تورکمان ناکات."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە (30-3-2022) پەرلەمانی عێراق بۆ جاری سێیەم هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق دەدات.
دابەشبوون و ناکۆکییەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە، کورد نەیتوانیوە بە یەک کاندیدی هەبێت و یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێ سورن لەسەر کاندیدەکانی خۆیان.
وەک پێشوەختە ڕایانگەیاندووە، پارتی دەچێتە دانیشتنی ئەمڕۆوە، یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتی دەکەن و نەوەی نوێ مەرجی جێبەجێکردنی بەشێک لە 17 خاڵەکەی داناوە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکە "ئەگەرنا بایکۆتی دەکەن."
لەلایەکی ترەوە، هاوپەیمانی سێقۆڵیی سەدر و پارتی و سوننە سورن لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنەکە و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەن ئامادە بن، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان جەختی لەسەر بایکۆتکردنی دەکەن.