گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی پەرلەمان لەسەر موچە و بودجە

2022.03.29 - 18:18
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی پەرلەمان لەسەر موچە و بودجە

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان لیژنەیەکى پێکهێنا بۆ بەدواداچوونى پێشنیازەکانی چارەسەری میکانیزمی دابه‌شكردنی موچەی خانەنشینان لە زوترین کاتدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو پرسە لەکۆبوونەوەى (29-3-2022) ى لیژنەکەدا تاوتوێکرا، کە تێیدا بەدواداچوون کرا بۆ خراپی میکانیزمی دابەشکردن و پێدانی موچەی خانەنشینان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە.

 

لیژنەکە هەروەها ناڕەزایی و گلەیی خۆی لەبارەی نەناردنی پڕِۆژەیاسای بودجە له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان دەربڕی و بڕیار درا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت لەسەر ئەو پرسە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

بەمەبەستی تاووتوێکردنی پرسی خراپیی میکانیزمی دابه‌شكردنی مووچەی خانەنشینان و نەناردنی پڕِۆژەیاسای بودجە، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەممه‌ ٢٠٢٢/٣/٢٩، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه کۆبووەوه‌.

 

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، بۆ بەدواداچوون بۆ خراپیی میکانیزمی دابەشکردن و پێدانی مووچەی خانەنشینان، لێژنەکە بڕیاری دا لێژنەیەکی لاوەکی پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوونی پێشنیازەکانی چارەسەریی ئەو پرسە لە نزیکترین کاتدا، چونکە ئەوە پرسێکی گرنگە و پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانی کوردستانەوە.

 

پاشان خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاڕاستەی لێژنەكه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان به‌ وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران، به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

 

هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا، کارو چالاکی و کۆبوونەوەکانی پێشوو و ڕاپۆرتی وەڵامەکانی حکوومەت بۆ نووسراوەکانی لێژنەكه‌ تاووتوێ کرا.

سه‌باره‌ت به‌ کردنەوەی فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی دارایی لە دهۆک و هەڵەبجەش، لێژنه‌ بڕیاری دا نووسراو ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بە ئاماژە بە نووسراوی یاسای ساڵی ٢٠١٩ لەو بارەیه‌وە و هەروەها بڕیار درا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دەستەی دیوانی چاودێریی دارایی ڕێکبخرێت لە داهاتوودا.

 

لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، لێژنه‌كه‌ ناڕەزایی و گلەیی خۆی لەبارەی نەناردنی پڕِۆژەیاسای بودجە له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان دەربڕی و بڕیار درا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت لەسەر ئەو پرسە.

 

لە به‌شی كۆتایی کۆبوونەوەكه‌شدا، لێژنەکە پێشوازیی له‌ شاندێكى ڕێکخراوی ستۆپ كرد و وێڕای قسه‌كردن له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆ و پرسی مووچه‌ و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕێكخراوه‌كه‌ چه‌ندین پێشنیازیان بۆ چۆنیه‌تیی داڕشتن و گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و شێوازه‌كانى خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و لێژنەکەی پەرلەمان دەستخۆشییان له‌ هەوڵه‌كانی ڕێکخراوەکە كرد و جەختیشیان لەسه‌ر هەوڵه‌ بەردەوامه‌كانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کردەوە.