گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

غاز بەرەو تورکیا و ئەوروپا

ڕۆیتەرز هۆکاری هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر ئاشکرا دەکات.. ’’دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل’’

2022.03.28 - 17:31
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆیتەرز هۆکاری هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر ئاشکرا دەکات.. ’’دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل’’

ناس کورد-

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی عێراقی و تورکی ڕایگەیاند، پلانێکی سەرەتایی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ تورکیا و ئەوروپا بە هاوکاری ئیسرائیل، ئێرانی توڕەکردووە و ئەوەش هۆکاری سەرەکی هێرشە موشەکییەکە بووە بۆسەر هەولێر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەوی 13ی ئازاری 2022، ئێران بە 12 موشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر هەولێر و بە دیاریکراوی ماڵی شێخ باز کەریمی پێکا کە ناوبراو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گروپە و یەکێکە لە سەرەکیترین کۆمپانیاکانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان.


هەرزوو سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و ڕایگەیاند، چەند بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.


بەپێی قسەی چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و تورکیی ئاگادار کە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکانیان بۆ ڕۆیتەرز قسەیان کردووە، مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بۆ پەکخستنی پلانی هەرێمی کوردستان بووە بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ تورکیا و ئەوروپا بە هاوکاری ئیسرائیل.

 

بەرپرسێکی عێراقی دەڵێت، "لە ماوەی ڕابردوودا و لەناو ئەو ڤێلایەی کە بۆردومان کرا دوو کۆبوونەوەی گرنگ لەنێوان بەرپرسانی وزەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کەسانی تایبەتمەند و شارەزا کراوە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لەڕێگەی بۆرییەکی نوێوە."


هاوکات دوو سەرچاوەی تورکیی بە ئاژانسەکەیان وتووە کە بەرپرسانی تورکیا بەشداربوون لە دانوستانەکان، بەڵام ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە کە لەکوێ کراوە.


هاوکات بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکی کە ئاگاداری دانوستانەکان بوون بە ڕۆیتەرزیان وتووە، شێخ باز کەریم کە ماڵەکەی لە هێرشەکەدا بەرکەوت کاری کردووە بۆ ڕاکێشانی بۆری هەناردەکردنی غاز.

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە لە جیهان، "لە ئایندەیەکی نزیکدا غازی سروشتی بۆ عێراق، تورکیا و ئەوروپا هەناردە دەکەین، بۆ ئەوەی ئاسایشی وزەیان بۆ دابینبکەین".

 

زیاتر بخوێنەوە: مەسرور بارزانی: غازی سروشتی هەناردەی تورکیا و ئەوروپا دەکەین

 

بەڵام نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردووەتەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لەناو ڤێلاکەی شێخ باز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرابیت بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنی غازی هەرێم بۆ تورکیا و ئەوروپا.


لە ماوەی ڕابردوودا تورکیا بە جدی کار لەسەر ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و بەدوای سەرچاوەیەکی تری غازی سروشتیدا دەگەڕێت بە تایبەت دوای سزادانی ڕوسیا بەهۆی هێرشەکەیەوە بۆسەر ئۆکرانیا.