ناس کورد-
لەدوای هێرشکردنەسەر لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بەهۆی تویتی کەسێکەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "ئێمە هەموو کات ڕێزمان لە مەرجەعە ئاینییەکان گرتووە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەوی ڕابردوو شوێنکەوتووانی مەرجەعی باڵای نەجەف هێرشیان کردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و بەشێکیان ئاگرتێبەردا، ئەوەش دوای ئەوەی کەسێک بەناوی د. نایف کوردستانی باسی لەوە کردبوو ئەو لەگەڵ "مەرجەعیەتی هیندی، فارسی و ئەفغانیدا" نییە.
لەوبارەیەوە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی ڕایگەیاند، "ئێمە هەموو کات ڕێزمان لە مەرجەعە ئاینییەکان گرتووە و ئەو کەسەی تویتەکەی کردووە بۆچوونی خۆیەتی و لەئێستادا دەستگیرکراوە."
لەبارەی ئەوەی ئەوان گلەییان لە سەدر هەیە بۆ نەپاراستنی بارەگاکەیان لە بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی، "ئەرکی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانە بارەگەکامان بپارێزێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هێرشەکەدا بەشێک لە کەلوپەلەکانی بارەگاکەمان بردراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."