گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی زانایان دژی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

2022.03.25 - 23:19
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی زانایان دژی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

ناس کورد-

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەکات "داوای لێبوردن لە خوا و خەڵک بکات" بەهۆی ئەو "سوکایەتییەی بەرامبەر هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کردوویەتی."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە تۆمارێکی دەنگیی دزەپێکراودا داوا لە شوێنکەوتووانی دەکات تەنها شوێنی باوکی و حەزرەتی عەلی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی بکەون و دەڵێت، "یەک سەحابەی تر هی ئێمە نین."  

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا (25-3-2022) دەڵێت، "بەداخەوە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو گوێبیستی تۆمارێکی دەنگی بووین کە تێیدا کەسێکی دیاری نێو تەریقەتی قادری سوکایەتی و تەشهیرو قسەی نەشیاو بەرامبەر هاوەڵە بەرێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) دەکات".

 

جەختیکردووەتەوە کە "ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی ئەم جۆرە کردە و ڕەفتارە نەشیاوانە دەکەین، لەهەمان کات بە پێویستی دەزانین ئەم کەسە داوای لێبوردن لە خوا و خەڵک بکات".

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
(فَإِنْ آَمَنُوا بِمِثْلِ مَا آَمَنْتُمْ بِهِ فَقَدِ اهْتَدَوْا وَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا هُمْ فِي شِقَاقٍ..) (سورة البقرة:137).
بەداخەوە لەو چەند رۆژەی رابردوو گوێبیستی تۆمارێکی دەنگی بووین، کە تێیدا کەسێکی دیاری نێو تەریقەتی قادری سوکایەتی و تەشهیرو قسەی نەشیاو بەرامبەر هاوەڵە بەرێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) دەکات، وێڕای ئەوەی هەموومانی نیگەران کردووەو دڵنیاین کە خەڵک و موسڵمانانی کوردستان لەوە هۆشیارترن رەفتارو بەرنامەی نەخوازراو کاریگەریان تێ بکات، لەهەمان کات ئەم جۆرە رەفتارانە پێچەوانەی پرنسیپەکانی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و نەریتی موسڵمانانەیە، لەبەر ئەوەی پێگەو رێزی هاوەڵە بەرێزەکان قابیل بەتانەو قسەی نەشیاو نین و رێزگرتنیان واجبێکی شەرعی و ئیمانیە، ئێمە لە کوردستان چاوەڕێی ئەوەین هەمووان پارێزگاری لەو پێکەوەژیانە بکەین، کەتایبەتمەندی و جوانی و قەدرو مێژووێکی درەوشاوەی بە کوردستان بەخشیوە، نەک کەسانێک بەناوی ئایین و بە ئەجێندای ناروون هەستی موسڵمانان بریندار بکەن و سوکایەتی بەرامبەر یاوەران دەرببڕن.
ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی ئەم جۆرە کردەو رەفتارە نەشیاوانە دەکەین، لەهەمان کات بە پێویستی دەزانین ئەم کەسە داوای لێبوردن لە خواو خەڵک بکات، لەگەڵ ئەوەش دووپاتی دەکەینەوە ئەرکی داواکاری گشتیە لەم جۆرە سوکایەتیانە بێتە دەنگ و رێکاری پێویست بگرێتە بەرو کوردستانمان پارێزراو بێت لەم جۆرە هەنگاوە مەترسیدارانە.
.............
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
22ی شەعبانی 1443هـ
25ی3ی2022م