ناس کورد-
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، "لە ئەگەری دابەشنەکردنی موچەی مانگی سێ لەسەرەتای مانگی چواردا ناڕەزایی و هەڵوێستی توندی مەدەنیانە دەگرینە بەر، وە ڕێگاکانی فشارمان لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی مامۆستایاندا ڕادەگەیەنین."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیەوە
مامۆستایانی سەربەرز
جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان
ئاشکرایە دەسەڵاتداران بەهۆی لێنەهاتوویی و شکستیان لەبەڕێوەبردن و حوکمڕانیدا ، ئەم هەرێمەیان توشی سەدان قەیران کردوەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی هاوڵاتیان سەختر و گرانتر دەکەن ، بێباک و بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ کێشەو گرفتەکاندا دەکەن . پەروەردەش قوربانیەکی گەورەی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەیە و لەسایەی نەزانی دەسەڵاتداران دا توشی سەدان گرفت و قەیران بووە ، جەوهەری ئەو گرفتانەش دواکەوتن و نەدانی مووچەی مامۆستایان و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە .
بۆیەلەڕوانگەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پەروەردەییمان ، ئەم چەندخاڵە دەخەینەڕوو :
۱/پێویستە سەرجەم چین وتوێژاکانی کۆمەڵگا هاوتەریب ، دژ بە ستەم و زۆرداری و کاولکاری دەسەڵات بوەستنەوە.
۲/دەسەڵات چیتر لەهەوڵی پەکخستن وبێ بەهاکردنی پەروەردەدا نەبێت وبەزووترین کات وەڵامی خواستە هەنوکەییەکانی مامۆستایان بداتەوە لە (پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان وفەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ، دابەشکردنی موچەلەکاتی خۆیدا).
لێرەوە ڕایدەگەیەنین :
وەک هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی هەموو هەڵوێستێکی خۆرسکانە و مەدەنیانەی سەرجەم مامۆستایان دەبین ، لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەمخۆران ئاگاداردەکەینەوە کە لەئەگەری دابەشنەکردنی موچەی مانگی سێ لەسەرەتای مانگی چواردا ناڕەزایی و هەڵوێستی توندی مەدەنیانە دەگرینە بەر ، وە ڕێگاکانی فشارمان لەکۆبوونەوەیەکی فراوانی مامۆستایاندا ڕادەگەیەنین.
هاوکات دڵنیایی دەدەین هەر پەککەوتن و گرفتێک بۆ پرۆسەی خوێندن بێتەپێش تەنها دەسەڵاتدارانی بێباک و گەندەڵی هەرێم لێی بەرپرسن .
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
٢٥ / ٣/ ٢٠٢٢