ناس کورد-
یەکێک لە شەڕە هەرە سەخت و یەکلاییکەرەوەکان جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند لە شارۆچکەی ڤۆسىێسێنسک ڕوویدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەگەر ڕوسیا سەرکەوتوو بوایە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤۆسێسێنسک کە شارۆچکەیەکی کشتوکاڵیە، ئەوە سوپاکەی دەیتوانی زیاتر بەرەو کەنارئاوەکانی دەریای ڕەش بڕوات کە بەندەری ئۆدیسا و وێستگەیەکی وزەی ئەتۆمی تێدایە.
بەڵام هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا بە پاڵپشتی خەڵکی مەدەن و خۆبەخشەکان، توانییان پشتی پلانەکەی ڕوسیا بشکێنن لەڕێگەی تەقاندنەوەى پردی سەرەکی شارۆچکەکە و ناچارکردنی سوپای ڕوسیا بە کشانەوەی نزیکەى 100 کم.
یەڤهین ڤێلیچکۆ، قائیمقامی شارۆچکەکە (32 ساڵ) بە جلوبەرگی سەربازی بە ئاژانسی بی بی سی بەریتانی وتووە، "ڕوونکردنەوە و باسکردنی ئەو شەڕە زۆر قورسە، سوپاس بۆ گیانی فیداکاری خەڵکی خۆمان و سوپاکەی."
بەڵام دوای سێ هەفتە لە شەڕەکە، قائیمقامی ڤۆسىێسێنسک هۆشداری دەدات کە هێرشی نوێی ڕوسیا "نزیکە" و داوای پشتگیری و چەکی زیاتر دەکەن بۆ بەرگرییکردن.
یەڤهین دەشڵێت، "ئێرە ناوچەیەکی زۆر ستراتیژییە، ئێمە تەنها بەرگری لە شارۆچکەکە ناکەین، بەڵام بەرگری لە هەموو ناوچەکە دەکەین، ئێمە ئەو چەکە قورسانەمان نییە کە دوژمن هەیەتی."
بی بی سی لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، چەکی دژەتانکی بەریتانیا کاریگەرییەکی باشی لە شەڕەکەدا هەبووە، نزیکەى 30 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی و تەنانەت هەلیکۆپتەریشی تەقاندووەتەوە.
قائیمقامی ڤۆسىێسێنسک دەشڵێت، "سوپاس بۆ ئەو چەکانەی کە هەمانە و توانیمان دوژمنی پێ بشکێنین، سوپاس بۆ هاوبەشەکانمان کە پشتگیرییان کردین، بەڵام ئێمە پێویستمان بە زیاترە، کاروانی تری سەربازی دوژمن بەڕێوەیە."
هەرچەندە هەزاران کەسی ڤۆسىێسێنسک شارۆچکەکەیان بەجێهێشتووە، بەڵام هێشتا شارەکە جموجوڵی تێدایە، ئەوانەی کە تێیدا ماونەتەوە چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان دەگێڕنەوە.
ئەلیکساندەر، دوکاندارێکی شارۆچکەکەیە، ئەو ڤیدیۆی خۆی گرتووە بە چەکێکی جۆری کڵانشیکۆفەوە کە لە سەنگەردا وەستاوە و هاوار دەکات "وەرن بچکۆلانەکان، لەولاوە کەسێک نارنجۆکێکی دەستی هەڵدەدات و ژنێکی پیریش لم دەکاتە ناو فەردەکانەوە.